عەشیرەتێک دژی یەکێتی سەنگەر دەگرێت


 لەسەر كوشتنی موراد كانی كوردەیی، لە لایەن هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەفیڕۆچوونی خوێنەكەی، عەشیرەتی (هەمەیل) كەوتنە سەنگەری دژی یەكێتییەوە و هەر كەسێكیش دەنگ بە یەكێتی بدات، بە دوژمنی خۆیانی دەزانن.

خان مەریوان كەریم تۆفیق، بە ناوی عەشیرەتی (هەمەیل)ەوە راگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا داوای لە سەرجەم ئەندامانی عەشیرەتەكەیان كردووە، لە یەكێتی بكشێنەوە و رایدەگەیەنێت: ”ئەو كەسەی دەنگ بە یەكێتی بدات، لە هەر پلە و پۆستێكی حزبی و دونیاییدا بێت، دوژمنێكی ئاشكرا و ڕوونە، سەنگەری رووبەڕووبوونەوەمان بەستووە“.

ڕوونیشی كردووەتەوە كە هۆكاری ئەو بڕیارەیان، دەگەڕێتەوە بۆ كوشتنی موراد كانی كوردەیی لە لایەن هێزەكانی یەكێتی ”بەبێ هیچ بنەمایەك“ و ڕادەستكردنەوەی برایەكیان بە حكوومەتی عێراق. هەر ماوەیەكی كەم دوای ئەو راگەیاندراوە، هیمن كوڕی موراد كانی كوردەیی، وەك بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی، لە هژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، پشتیوانیی خۆی بۆ عەشیرەتی هەمەیل و راگەیاندراوەكەی بنەماڵەی خان كەریم تۆفیق دەربڕیوە و جەختی كردووەتەوە ”ئێمە هەموومان دژی یەكێتی دەوەستینەوە“. ئەوەشی دركاندووە كە ”تاكە شتێك كە تێیدا مرۆڤەكانت بۆ دەردەخات، تەنگانەیە“.

لە كۆتایی مانگی ١١ی ٢٠٢١، موراد كانی كوردەیی، فەرماندەی یەكێتی و نزیك لە لاهوور جەنگی، لە چوارچێوەی ململانێكانی لاهوور و بافڵ تاڵەبانی، كەوتە بەر هێرشی هێزێكی دەمامكداری یەكێتی لەنێو رانیە و كوژرا. دواتر هەرچەند لاهوور جەنگی بەڵێنی تۆڵەكردنەوەی و قوباد تاڵەبانیش لێژنەی لێكۆڵینەوەی لەبارەی كوشتنی پێكهێنا، بەڵام تا ئێستا هیچ یەكێكیان بەڵێنەكانیان بەجێ نەگەیاندووە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال