مام جەلال بە سەرۆک بارزانی دەڵێت تۆ زیرەک بووی ئێران مەترسیە لەسەر عێراق نەک تورکیا

 

كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ دووقۆڵی‌.. مام جه‌لال بۆ سه‌رۆك بارزانی‌: تۆ زیره‌كی‌ ئێران مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر عێراق نه‌ك توركیا

له‌ به‌شی‌ نۆزده‌یه‌می‌ كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد كه‌ سه‌رۆك بارزانی‌ نووسیویه‌تی‌، ئاماژه‌ به‌ سه‌ردانێكی‌ مام جه‌لال بۆ توركیا كراوه‌ و له‌وێدا، سه‌رۆك بارزانی‌ به‌ ڕوونی‌ چه‌ند هه‌ڵوێستێك ده‌خاته‌ ڕوو. 


سه‌رۆك بارزانی‌ نووسیویه‌تی‌، رۆژی‌ 17ی‌ كانوونی‌ دووه‌م، سه‌عدی‌ پیره‌ له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه‌ هاته‌ لامان، له‌ دیداره‌كه‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ جه‌وهه‌ر نامیق، نووری‌ شاوه‌یس ئاماده‌بوون، سه‌عدی‌ پیره‌ په‌یامێكی‌ مام جه‌لالی‌ پێ راگه‌یاندین به‌و ناوه‌ڕۆكه‌، " مام جه‌لال داوا ده‌كات به‌ر له‌وه‌ی‌ سه‌ردانی‌ توركیا بكات له‌گه‌ڵ تۆ مه‌سعوود بارزانی‌ كۆ ببێته‌وه‌، ئێران و عێراق هه‌وڵیانداوه‌ كه‌ سه‌ردانی‌ توركیا نه‌كات، تاهیر جه‌لال حه‌بووش هاتبوو زۆر دژی‌ پارتی‌ قسه‌ی‌ كردووه‌، هه‌ڵوێستی‌ ئێران له‌باره‌ی‌ شه‌ڕی‌ په‌كه‌كه‌وه‌ زۆر خراپ بوو" له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ سه‌عدی‌ پیره‌م راگه‌یاند كه‌ ئاماده‌م له‌ پێشوازی‌ مام جه‌لال.

حه‌بووش زۆر دژی‌ پارتی‌ قسه‌ی‌ ده‌كرد


" رۆژی‌ هه‌شتی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2001، هه‌لیكۆپته‌رێكی‌ توركیا له‌ مه‌سیف سه‌لاحه‌دین نیشته‌وه‌ كه‌ مام جه‌لالی‌ تێدابوو، مام جه‌لال بۆ نانی‌ نیوه‌ڕۆ میوانمان بوو، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ یاوه‌ری‌ بوون، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عومه‌ر فه‌تاح و به‌رهه‌م ساڵح و حه‌مه‌تۆفیق و سه‌عدی‌ پیره‌ و بافڵی‌ كوڕی‌ مام جه‌لال و حه‌سه‌ن كه‌پڵانیشی‌ له‌گه‌ڵ بوو، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا كه‌ جه‌وهه‌ر نامیق و وشیار زێباری‌ و مه‌سروور بارزانی‌ و كه‌ریم شنگالی‌ و برووسك نووری‌ شاوه‌یس ئاماده‌بوون، گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ گشتیی ناوچه‌كه‌ و كوردستان و گرنگی‌ به‌ره‌وپێشبردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ كرا" سه‌رۆك وای‌ نووسیوه‌.


هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌، دواتر مام جه‌لال داوایكرد پێكه‌وه‌ دووقۆڵی‌ دابنیشین و باسی‌ ئه‌م خاڵانه‌ی‌ كرد: له‌سه‌ردانه‌كه‌مدا بۆ توركیا به‌ خراپ باسی‌ پارتی‌ ناكه‌م، له‌ دیداره‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ توركه‌كان گفتوگۆ له‌سه‌ر هاوكاری‌ دووقۆڵی‌ و بازرگانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌ ده‌كرێ‌، ئێران زۆر نیگه‌رانه‌ له‌ یه‌كێتی‌ به‌هۆی‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ له‌ توركیا، ئێران یاره‌مه‌تییه‌كی‌ زۆری‌ په‌كه‌كه‌ ده‌دات. مام جه‌لال باسی‌ عێراقیشی‌ كرد و گوتی‌ تاهیر جه‌لال حه‌بووش له‌ سێی‌ كانوونی‌ دووه‌مدا هاته‌ لام و پێی‌ گوتم، تۆ چیت ده‌وێت و داوای‌ چی‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ داواكارییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌مه‌وه‌ به‌غدا!، راشیگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك سه‌دام له‌سه‌ر دوو خاڵ زۆر لێت مه‌منوون و رازییه‌، كاتێك سوپای‌ نارده‌ رۆژئاوای‌ عێراق تۆ هه‌واڵت نارد كه‌ ئێمه‌ هیچ جووڵه‌یه‌ك ناكه‌ین، هه‌روه‌ها ئێوه‌ له‌ ئاوی‌ به‌نداوه‌كانی‌ دووكان و ده‌ربه‌ندیخان ته‌نیا به‌شی‌ خواردنه‌وه‌تان هێشتووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی‌ تر بۆ ناوچه‌كانی‌ عێراق به‌ردراوه‌ته‌وه‌".


سه‌رۆك بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ حه‌بووش به‌ مام جه‌لالی‌ گوتووه‌ له‌ رووی‌ ئابوورییه‌وه‌ هاوكاریتان ده‌كه‌ین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ شاندێك بنێرنه‌ به‌غدا، حه‌بووش زۆر دژی‌ پارتی‌ قسه‌ی‌ ده‌كرد. مام جه‌لال رای‌ گه‌یاند ئێران مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر عێراق نه‌ك توركیا، تۆ یارییه‌كی‌ زیره‌كانه‌ت كرد به‌ هێنانی‌ هێزی‌ توركیا، له‌ ڕێی‌ ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌، كه‌لوپه‌ل ره‌وانه‌ی‌ توركیا ده‌كه‌ین و گومركمان لێ‌ مه‌ستێنن. له‌ كۆتایی دیداره‌ دوو قۆڵییه‌كه‌دا به‌ مام جه‌لالم راگه‌یاند كه‌ هه‌موو ئه‌و خاڵ و باسانه‌ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی تاوتوێ‌ ده‌كه‌ین. 


" مام جه‌لال پێی‌ گوتم من تۆم خۆشده‌وێت و ئیشم به‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی نییه‌ و له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یشدا شه‌وێك لێره‌ ده‌مێنمه‌وه‌ و میوانتان ده‌بم، دوای‌ دیداره‌ دووقۆڵه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ مام جه‌لال، محه‌مه‌د سه‌عد عه‌بدولره‌حمان هات و هه‌واڵی‌ بۆ هێنام كه‌ تاهیر جه‌لیل حه‌بووش به‌ناوی‌ سه‌دامه‌وه‌ په‌یامێكی‌ هه‌یه‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ بوو: ئێمه‌ زۆر نیگه‌رانین له‌و سه‌ردان و جموجۆڵه‌ی‌ مام جه‌لال و پلانێكی‌ له‌ژێر سه‌ردایه‌، دژی‌ عێراق به‌گشتیی و پارتی‌ به‌ تایبه‌تی‌، پێویسته‌ وریا بن، منیش له‌ وه‌ڵامدا پێم راگه‌یاند، پێی‌ بڵێ‌ من زۆر باش شاره‌زای‌ ئه‌و جۆره‌ یاریكردنانه‌ی‌ ئێوه‌م و تۆ رۆژی‌ سێی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2001 میوانی‌ مام جه‌لال بوویت و به‌ڵێنێكی‌ زۆرت پێدا بوو بۆ هاوكاری‌ و یارمه‌تیدانی‌ و زۆر دژی‌ پارتیش قسه‌ت كردووه‌ باشتر وایه‌ ئه‌م جۆره‌ یاریانه‌ نه‌كه‌ن" سه‌رۆك وای‌ نووسیوه‌.



أحدث أقدم

نموذج الاتصال