د.کەمال کەرکوکی : پارتی به‌ سه‌ربه‌رزی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کەرکوکی


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (26ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، كه‌مال كه‌ركووكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ ژووری هه‌واڵی كاتژمێر هه‌شتی كوردستان24 له‌گه‌ڵ كۆڤان عیزه‌ت رایگه‌یاند، پارتی وه‌ك هه‌ندێك لایه‌ن ناكات كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركووك به‌ ره‌زیلی ده‌ژین به‌ڵكو به‌ سه‌ربه‌رزی بۆ ئه‌و شاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه و جه‌ختی له‌سه‌ر چۆڵكردنی باره‌گا داگیركراوه‌كانیان و وه‌رگرتنه‌وه‌یان كرده‌وه‌.‌

سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركووك، كه‌مال كه‌ركووكی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌ رێككه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی سوودانی كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش په‌سه‌ندكرا، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، هه‌مموو لایه‌ن و پارته‌ سیاسییه‌كان مافی ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسییان هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئازاد به‌پێی ده‌ستوور.

هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه‌، له‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وامن بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، متمانه‌یان به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێوانیاندا هه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ناره‌زایه‌تی هه‌ندێك لایه‌نی پێكهاته‌كان له‌ به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركووك، كه‌مال كه‌ركووكی جه‌ختی له‌سه‌ر سووربوونی پارتی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركووك كرده‌وه‌ و دووپاتیكرده‌وه‌، له‌ كه‌ركووك رێز له‌ مافی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌گیرێت و پشتگیری له‌ پێكه‌وه‌ژیانی گشت پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان ره‌سه‌نه‌كانی شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، كه‌مال كه‌ركووكی رایگه‌یاند، پارتی هه‌وڵده‌دات له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كراوه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت و دۆخی كارگێری و ئه‌منی شاری كه‌ركووك ئاسایی بكرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی، پارتی به‌ سه‌ربه‌رزی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری كه‌ركووك و وه‌ك هه‌ندێك لایه‌ن ناكات كه‌ ئێستا به‌ ره‌زیلی له‌و شاره‌دا ده‌ژین. باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان به‌پێی مادده‌ی 117ـی ده‌ستووری عێراق مافێكی سرووشتییه‌ و پێویسته‌ هه‌مووان رێز له‌ ئاڵای كوردستان بگرن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لادانی پارێزگاری سه‌پێندراوی ئێستای عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌كانی كورد كه‌ له‌دوای 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ لێی وه‌رگیراوه‌، به‌شێكن له‌ پاكێجی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال