کچە کوردێکی شاری هەولێر دەبێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە میسر

كۆشكی سپی ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرۆ مستەفا دپلۆماتی ئەمریكایی و كچە كوردی خەڵكی شاری هەولێری كاندیدكردووە بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریكا بۆ میسر.

ڕاگەیاندنەكەی كۆشكی سپی كە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوكرایەوە، لە بارەی هێرۆ مستەفا دەڵێت :دیپلۆماتكارێكی خاوەن ئەزمونێكی زۆرە و پێشتر لە مانگی دەی 2019 هەتا مانگی سێی 2023 باڵیۆزی ئەمریكا بوو بۆ بولگاریا. پێشتریش دیپلۆماتكارێكی باڵا بووە لە چەندین وڵاتی جیهان، لەوانە پورتوگال، هیندستان، لوبنان، یۆنان و عێراق”.

ڕاگەیاندنەكە ئاماژە بەوەش دەكات، هێرۆ مستەفا جگە لە زمانی ئینگلیزی و كوردی، زمانەكانی فارسی و یۆنانی و هیندی و بولگاری و پورتوگالی دەزانێت. لە بەرامبەر ئەم توانایەی لە زماندا خەڵاتی Matilda W. Sinclaire وەرگرتووە.

ساڵی 2021 لە لایەن دامەزراوەی كارنگی خەڵات كرا وەك یەكێك لە سەركەوتووترین ئەو كەسانەی كۆچیان بۆ ئەمریكا كردووە. لە زانكۆی جۆرج تاون بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە خزمەتگوزاری سیاسەتی دەرەوە وەرگرتووە و پاشان بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی پرنستن بەدەستهێناوە.

فیلمی دۆكۆمێنتاری American Herro كە لە ساڵی 2009 بەرهەمهێنراوە، باس لە ژیانی هێرۆ دەكات كە چۆن بە منداڵی لەگەڵ خێزانەكەی كۆچیان بۆ ئەمریكا كردووە و پاش 30 ساڵ لە گەیشتنی بۆ ئەمەریكا كاری دیپلۆماتی لەگەڵ كۆندەلیزا ڕایس ، وەزیری پێشووی دەرەوە كردووە.

لە ئێستادا، پێویستە هێرۆ مستەفا لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە بۆ ئەم پۆستە نوێیە پەسەندبكرێت.


 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال