پیلانێکی پەکەکە لە شنگال دژی سودانی شکەستی هێنا


بە گوێرەی راپۆرتێكی میدیایەكی بەناوبانگی عەرەبی، پارتی كرێكارانی كوردستان پیلانێكی لە دژی سەرۆك وەزیرانی عێراق گێڕاوە، بەم هۆیەشەوە سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ شنگال هەڵوەشێندراوەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی ئایاری 2023، ماڵپەڕی (العربي الجدید) ئاشكرای كرد، لەو سەردانەی كە لە ڕۆژانی 12 و 13ی ئەم مانگەدا بۆ پارێزگای نەینەوا كردوویەتی، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەنیاز بووە سەردانی بكات، بەڵام پاش ئەوەی زانیویەتی پەكەكە پیلانێكی لە دژ ئامادە كردووە، سەردانەكەی هەڵوەشاندووەتەوە.

ماڵپەڕەكە لە زاری پەرلەمانتاری عێراق، مەحما خەلیلەوە ئاماژەی بەوە داوە كە سوودانی بەنیاز بووە بۆ زانینی بارودۆخی راستەقینەی قەزا و ناحیەكانی سنووری نەینەوا كە چەندان ساڵ لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا بوون، سەردانی هەموو دەڤەرەكە بكات، بەتایبەتیش قەزای شنگال كە 115 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە، بەڵام ”پاش ئەوەی سوودانی زانیاریی پێ گەیشت كە پەكەكە چەكدارەكانی خۆی و لایەنگرانی كۆ كردووەتەوە لە دەروازەی شارەكە و بەنیازن خۆپیشاندان لەبەردەم كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی بكەن، سەردانەكەی هەڵوەشاندووەتەوە.“

هەر بە گوێرەی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە كە ماڵپەڕە عەرەبیەكە بڵاوی كردووەتەوە، دەزگا ئەمنییەكانی عێراق، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان لەبارەی دۆخی شنگال بەهەڵەدا بردووە و ئەوەیان پێ نەگوتووە كە پەكەكە و چەكدارەكانی بە تەواوی خۆیان بەسەر شارەكەدا سەپاندووە. بۆیە داوای لە سوودانی كردووە، بگەڕێتەوە شنگال و راستیی دۆخی ئەو دەڤەرە بە چاوی خۆی ببینێت.

هەر لەمبارەیەوە ماڵپەڕە عەرەبییەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی باڵاوە بڵاوی كردووەتەوە، چەكدارانی سەر بە پەكەكە پارەیەكی یەكجار زۆریان پێدەگات، ئەمەش وای كردووە بتوانن گەنجانی بێكاری سنووری شنگال، بەتایبەتیش لە پێكهاتەی ئێزدی بخەنە ڕیزی هێزە چەكدارەكانیان، ”بۆیە سوپای عێراقی ئەگەر بیەوێ ڕووبەڕووی پەكەكە ببێتەوە، ناچار ببێت ڕووبەڕووی چەكدارانی عێراقیی دانیشتووی شنگال ببێتەوە، نەك ئەو چەكدارانەی پەكەكە كە خەڵكی توركیان.“

هەمان ماڵپەڕ لە زاری چالاكێكی سیاسییەوە ئەوەی ئاشكرا كردووە كە پەكەكە لە شنگال، قاچاخچێتی و بازرگانیی نێوان سنووری عێراق و سووریا دەكات، جگە لەوەی خەڵكێكی زۆر دەكاتە سەرباز، بۆیە ”دەبێ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم راستییانە بزانێت و فەرمان بدات لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە بە سەرۆكایەتیی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی یان وەزیری بەرگری پێك بهێنێت و بچنە شنگال و بە چاوی خۆیان راستییەكان ببینن.“

لە لایەكی دیكەوە، نووری شەممەری، ئەندامی ئەنجوومەنی عەشیرەتە عەرەبەكانی شنگال بە ماڵپەڕەكەی راگەیاندووە، دوو ڕۆژ پێش سەردانەكەی سوودانی، لە شنگال ئامادەكارییەكی زۆر كرابوو بۆ پێشوازیكردن لە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام بەهۆی لەدەستدانی كۆنتڕۆڵ بەسەر شارەكەوە، سەردانەكە هەڵوەشێندرایەوە. هەروەك گوتوویەتی: ”هەر عەشیرەت و لایەنێك لە شنگال سەر بە پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی پەكەكە نەبێت، ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبێتەوە و ناچار دەكرێت دەڤەرەكە جێ بهێڵێت، بەهۆی تۆمەتباركردنی بە تیرۆر یان داعش یان كرێگرتەیی بۆ توركیا و زۆر تۆمەتی دیكە.“

ئەمە لە كاتێكدایە كە یەكێك لە بەندەكانی كارنامەی كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی كە هاوكات بەشێكیشە لە رێككەوتننامەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت كە پێكهێنەری حكوومەتەكەی سوودانییە، بریتییە لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال كە لەنێوان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێریی نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە سەردەمی مستەفا كازمییەوە واژۆ كراوە و تاوەكوو ئێستا لایەنی عێراقی لەژێر فشاری هەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی، جێبەجێی نەكردووە.


أحدث أقدم

نموذج الاتصال