فڕۆکەی ئەمریکا بە هەڵە بۆردومانی پێشمەرگەی کرد لە 2003


سەرۆك بارزانی ئەو چركەساتە غەمگینە دەگێڕێتەوە كە تێیدا برا و كوڕەكەی بریندار بوون

”هەرچەندە هەوڵم دا خۆم ئاسایی نیشان بدەم، بەڵام لە ڕاستیدا ئاگر لەناو ناخ و دەروونمدا بوو“
سەرۆك بارزانی ئەو چركەساتە غەمگینە دەگێڕێتەوە كە ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە بەهۆی هێرشێكی فڕۆكەیەكی ئەمریكی شەهید و بریندار دەبن و لە نێو بریندارەكاندا (وەجیه بارزانی)ی برای و (مەنسوڕ مەسعود بارزانی)ی كوڕی هەن.

لە لاپەڕە ٥٤ تا ٦٠ی بەرگی شەشەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) كە تایبەتە بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەكوو ٢٠١٦، سەرۆك بارزانی بەشێكی تایبەت كردووە بە ناونیشانی (ئاگری دۆستانە و كارەساتێك)، تێیدا نووسیویەتی: ”ڕۆژی ٦ی نیسانی ٢٠٠٣، فڕۆكەیەكی ئەمریكی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لە زورگەزراوی 
نزیك دیبەگە لە سی كیلۆمەتریی باشووری هەولێر بۆردومان كرد.

 ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە ڕۆژێكی رەش و ناخۆش بوو. لەگەڵ مام جەلال و لێژنەی سەركردایەتیی هاوبەش و جەنەڕاڵ كلیڤڵاند بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكان و هەنگاوەكانی داهاتوو و هەماهەنگیی پێویست لە كۆبوونەوەدا بووین. لەناو كۆبوونەوەدا برووسكەیەكیان بۆ هێنامە ژوورەوە، لە برووسكەكەدا هاتبوو كە بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەیەكی ئەمریكییەوە وەجیه بە سەختی بریندار بووە و ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. من داوای مۆڵەتم لە كۆبوونەوەكە كرد، مام جەلالیش پێداگری و داكۆكییەكی زۆری كرد بۆ ئەوەی لەگەڵم بێت. بەڵام پێم ڕاگەیاند، پێویست بە ئەزیەت ناكات تۆ بێیت. كۆسرەت ڕەسووڵ هات.“

هەروەك باسی لەوە كردووە، كاتێ گەیشتمە نەخۆشخانە، لە دوورەوە قەرەباڵغییەكی زۆرم لەبەر دەرگای نەخۆشخانە بینی. كاتێك چوومە ژوورەوە، ژمارەیەك لە پێشمەرگەكان بە بینینی من دەستیان بە گریان كرد. كە چاوم بە وەجیه كەوت، زانیم برین و زامەكەی یەكجار قورس و گرانە و هیوای ژیانی زۆر كەمە. مەنسووری كوڕیشم بریندار ببوو، بەڵام برینەكەی سووك بوو. زانیم كە زیانێكی گەورەمان بەر كەوتووە، بەڵام پێویست بوو لەو كات و بارودۆخەدا لەبەرچاوی ئەو جەماوەر و پێشمەرگانە خۆم ڕاگرم و ددان بە خۆدا بنێم.

سەرۆك بارزانی دەڵێ: ”هەرچەندە هەوڵم دا خۆم ئاسایی نیشان بدەم، بەڵام لە ڕاستیدا ئاگر لەناو ناخ و دەروونمدا بوو. پرسیاری دكتۆرەكانم كرد، كە ئایا هیوای ژیان و زیندوومانەوەی هەیە؟ دكتۆرەكانیش پێیان خۆش نەبوو، ڕای دروستی خۆیان بڵێن، بە دكتۆرەكانم گوت: (پێویستە ڕاستیم پێ بڵێن، من بڕوام بە قەزا و قەدەری خوا هەیە و چی خوا پێی خۆش بێت و بیهێنێت، ئەوەیان باشە). دكتۆرەكان پێیان گوتم، ئەوەی ڕاستی بێت برینەكەی یەكجار قورس و سەختە و ئەگەری زیندوومانەوەی زۆر كەمە، مەگین لە نەخۆشخانەیەكی پێشوو و بەهۆی دەزگا و تەكنەلۆژیای زۆر پێشكەوتوو هەوڵی چارەسەركردنی بدرێت. هەرچەندە بەو شێوەیەش ئەگەری زیندوومانەوەی كەمە.“

هەروەك ئاماژە بەوەش دراوە: ”دكتۆرێكی سەربازیی ئەمریكی هات، دوای ئەنجامدانی پشكنین و تاقیكردنەوە و ئیشاعەگرتن لە سەری وەجیه، بە ئینگلیزی بە دكتۆرەكانی گوت، ئەگەری زیندوومانەوەی تەنیا سی و شەش كاتژمێری ترە. دواتر جەنەڕاڵ كیڤڵاند هات و بە ناوی خۆی و ئەمریكاوە زۆر داوای لێبووردنی كرد، خەم و پەژارەی قووڵی خۆی ڕاگەیاند، هەروەها گوتی: (چی لەسەر ئێمە پێویستە بیكەین؟ ئێستا فڕۆكەیەك بە ئاسمانەوەیە و لە فڕۆكەخانەی هەریر دەنیشێتەوە بە مەبەستی گواستنەوەی وەجیه بۆ ئەڵمانیا و هەر بریندارێك كە پێویستی بە گواستنەوە هەبێت). بەڵام سوپاس بۆ خوا برینی هەموویان سووك بوو، دوای كاتژمێرێك فڕۆكەكە لە هەریر نیشتەوە و بەپەلە وەجیه گواسترایەوە ئەڵمانیا و نەشتەرگەرییان بۆ كرد.“

لەبارەی چۆنیەتیی ڕزگاربوونی وەجیه بارزانی لە نەشتەرگەرییەكەی، سەرۆك بارزانی دەڵێ: ”رۆژێكیان دكتۆرە ئەمریكییەكە كە نەشتەرگەریی بۆ وەجیه كردبوو، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستیی وەجیه سەردانی مەسیفی كرد، پێی گوتم، لە كاتی نەشتەرگەرییەكەدا هیچ هیوایەك بە زیندوومانەوەی نەبوو، بەڵام زیندوومانەوەی موعجیزە بوو. هەموو شەهید و بریندارانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە بۆ من وەك وەجیه و مەنسووڕ بوون و پێویست بوو خۆم ڕاگرم و ددان بە خۆمدا بنێم و ڕێگە نەدەم هیچ بۆشاییەك دروست بێت، ئەگینا ئەوەی ڕاستی بێت غەم و پەژارەیەكی قووڵ دایگرتین.“

هەرچی پەیوەندی بە ئەنجامی ڕووداوەكەوە هەیە، سەرۆك بارزانی ئاشكرای كردووە: ”دوای ڕووداوەكە، ئەمریكییەكان زۆر شڵەژان، هەر لە بووشەوە تا هەموو سەركردە مەیدانییەكانیان بە برووسكە پەیامی هاوخەمییان بۆ ناردم. هەروەها سەبارەت بە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەیان لەسەر هۆكاری ڕووداوەكە، تۆمی فرانك نامەیەكی بۆ ناردم، دیاربوو بە ئەنقەست نەبووە و بەهەڵە ڕووی داوە، ئێمەش زانیمان بە ئەنقەست نەبووە و لە ئەنجامی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزەكانی سەر زەوی لەگەڵ فڕۆكەكان ڕووی داوە.“

لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، ١٧ پێشمەرگە شەهید بوون و ٤٦ پێشمەرگەی دیكەش بریندار بوون كە لەنێو بریندارەكاندا، وەجیه بارزانی و مەنسوڕ مەسعود بارزانی هەبوون.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال