میدیای لاهوور جەنگی: ئەمریكییەكان بڕیاریان داوە سلێمانی بەجێ بهێڵن


 میدیای سەر بە لاهوور جەنگی ئاشكرای كرد، ئەمریكییەكان بڕیاریان داوە لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرجەم ڕاوێژكار و سەرباز و ڕاهێنەرە سەربازییەكانی خۆیان لە سلێمانی بكشێننەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی پێگەی (GOM)ی سەر بە لاهوور جەنگی، ئەمریكییەكان بڕیاریان داوە سلێمانی بەجێ بهێڵن.

پێگەكە ئاماژەی بەوە داوە كە ژمارەیەكی زۆر ڕاوێژكار و سەرباز و ڕاهێنەری ئەمریكی لەنێو سلێمانیدا، ڕۆژانە مەشق بە هێزەكانی سەر بە یەكێتی دەكەن، بەڵام ”بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرجەم ڕاوێژكار و سەرباز و ڕاهێنەرە ئەمریكییەكان سلێمانی جێ بهێڵن.''

هاوكات ئەوە ئاشكرا كراوە كە هۆكاری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ”ناوچەکە بووەتە گۆڕەپانی بەرەی مقاوەمەی ئێران و میلیشیا شیعەکانی عێراق.''

هەر ئەو پێگەیەی سەر بە لاهوور جەنگی ئەوەشی دركاندووە كە ”چەند مانگ پێش ئێستا، ئەمریکییەکان هۆبەی خۆیان لەنێو دەزگای زانیاریی یەكێتی قفڵ داوە و بەجێیان هێشتووە، ئێستاش بەتەواوی لەگەڵ یەکێتیدا گەیشتوونەتە بنبەست و هیچ متمانەیەکیان بە کارکردن لەگەڵ یەکێتی نەماوە و وەک گرووپێکی چەکداری سەر بە بەرەی مقاوەمە وێنایان دەکەن، لەبەر ئەم هۆکارەش بوو ئەمریکا ئامادە نەبووە ڤیزا بداتە بافڵ جەلال بۆ سەردانیکردنی واشنتۆن.''

جێگەی باسە هەر لەم بارەیەوە، شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی و نزیك لە لاهوور جەنگی، لە نووسینێكدا ئاشكرای كردووە: ”چەند ڕۆژێکە ئەمریکا لەگەڵ ناردنی هێزێکی زۆر بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، قەبارەی دیپلۆماتیی خۆی لە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی کەم کردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کردووە سەردانی ئەم وڵاتە نەکەن، هەواڵێکی واش دزەی پێ کراوە کە ئەمریکییەکان بڕیاریان دابێ سلێمانی بەجێ بهێڵن.''

أحدث أقدم

نموذج الاتصال