وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامێکی توندی بانگەوازی چەند لایەنێكی عێراقی دایەوە
ئەمڕۆ سێ شەممە31ی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەڵامی بانگەوازی چەند لایەنێكی عێراقی دایەوە كە داوایان كردبوو هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق بچنە دەرەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە هێزەکانیان لە عێراق دەمێننەوە، هەموو رێوشوێنێکی پێویستیش بۆ پاراستنی ئەوان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دەگرنەبەر.
ئەم راگەیاندنەی ئەمریكا دوای زیادبوونی گرژی و هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانیان لە عێراق و بەرزبوونەوەی دەنگی داواکاری بەشێک لە میلیشیا چەکدارییەکان و لایەنە سیاسییە عەرەبییە شیعییەكانی ناو هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە عێراق بۆ چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق هات.
هاوکات ئەمڕۆ ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) بڵاویكردەوە كە گوتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی كردووەتەوە كە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە بە ئامانج و رێگریكردن لە گەڕانەوەی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.
عقید بارزانی سەکۆیی