تونێلەکانی حەماس جەنگێکی "تۆقێنەر" بۆ سوپای ئیسرائیل دروستدەکەن


 تادێت سوپای ئیسرائیل خۆی کۆدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تا غەززە داگیربکات و حەماس «ریشەکێش بکات»، بەڵام مەترسی چوونە نێو غەززە مەترسییەکی گەورەیەو تونێلەکانی حەماس دەبنە سەرئێشەیەکی گەورە کەسوپای ئیسرائیل بێزارو خاو دەکاتەوە.

مەترسی ئەوە هەیە کەشەڕی ناو غەززە سەربکێشێت بۆ ململانێیەکی گەورە لەنیو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شیڕ لەچەند بەرەیەکەوە دروست ببێت، شەڕێک کەئێستا حەماس دەڵێت سەریان سوڕماوە لێی چونکە چاوەڕێی شتێکی لەو جۆرە نەبوون.

تەنانەت ئێستا ئیسرائیل خەریکی شەڕکردن و بەرپەرچدانەوەی مووشەک و گولـلە تۆپەکانی حزبوڵایە کە لەبەرەی لوبنانەوە هێرش دەکاتەسەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل.

فراوانبونی بەرەی شەڕ

ترسی دروستبوونی بەرەی تری شەڕ لەدووشەممەی رابردوو زیاتر بووە کاتێک حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە رەنگە «بەرەی بەرەنگاری» کە بەمەست لێی حەماسە بەرەیەکی بەرەنگاری بکاتەوە تا نەهێڵێت ئیسرائیل بێتە نێو غەززەوەو داگیری بکات. وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی کەفراونابوونی بەرەی زیاتر: دەگاتە قۆناغێك کەگەڕانەوەی مەحاڵە».

شیکەرەوە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کەئێران و هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی گرێکوێرەیەک بوونەتەوە کە ئاخۆ ململانێکە لەغەززە دەمێنێتەوە یاخود پەل دەکێشێت بۆ چەند بەرەیەکی شەڕ.

لەچەند دەیەی رابردوودا ئێران زنجیرەیەک هێزی بەهێزی دروستکردووە لەلوبنان و عێراق، یەمەن و سوریا ئەمە جگە لەهاوکاریکردنی حەماس کە رەنگە هەموو ئەمانە ببنە پاڵپشت بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێ.

لەلایەکی ترەوە واشنتن پاڵپشتی تەواوەتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕیوەو دوو کەشتی فرۆکەهەڵگری جەنگی لەڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست داناوە کەهەردووکیان هەڵگری زیاتر لە ١٢٠ فڕۆکەی جەنگین.

تەنانەت حەشدی شەعبی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات ئەوا ئەوانیش هێرش دەکەنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق. حوسییەکانی یەمەنیش هەڕەشەی خۆیان کردووە.

بەپێی راپۆرتێکی واشنتن پۆستی ئەمریکی، لەهەموو ئەمانەدا مەترسیدارترین گروپ حزبوڵایە چونکە هەم لەئیسرائیلەوە نزیکەو هەمیش ١٣٠-١٥٠ هەزار مووشەکی هەیە کەدەتوانێت ئاراستەی ئیسرائیلی بکات.

بەڵام دەکرێت ئیسرائیلیش زیانێکی گەورە لەلوبنان بدات وەک چۆن لەجەنگی ٢٠٠٦ ئەنجامیدا. لەدووشەممەی رابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هۆشداری ئەوەیدا بەحزبوڵا کە «ئەو باجەی کە دەیدەین قورستر دەبێت لەهەموو» شەڕەکانی پێشوو.

لەگەڵ ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخولایەوە، هاوتا ئێرانییەکەی سەردانی هاوپەیمانەکانی تارانی دەکرد لەسوریا، لوبنان و قەتەر. تەنانەت لەبەیروت حەسەن نەسڕوڵا، سەرکردەی حزبوڵاو ئیسماعیل هەنیئە، سەرکردەی حەماسی بینی. وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی لەئیسرائیل کرد کە رووبەڕووی «بومەلەرزەیەکی گەورە دەبێتەوە» ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت.

بەڵام وادەردەکەوێت هەردوولا نیازی کردنەوەی بەرەیەکی جەنگیان نەبێت و حەزیان بەگەورەکردنی شەڕەکە نەبێت، بەپێچەوانەی ئەوەی بەئاشکرا دەیڵێن. بەپێی وتەی دیپلۆماتکارێک کە ئاشنایە بەگفتوگۆکانی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست قسەی کردووە، ئێران نایەوێت شەڕ تەشەنە بستێنێت و پەرۆشە بۆ ئەوەی کە رێگەشیواز بدۆزیتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر ئەگەرێکی فراوانبوونی جەنگ.

دیپلۆماتکارەکە دەشڵێت، لەکاتێکدا کە تاران جەخت لەوە دەکاتەوە هاوپەیمانەکانی ئامادەن بۆ شەڕ بەڵام هەم ئێران و هەم حزبوڵاش بەئاشکرا هێڵی سوریان دیارینەکردووە کەدەبێت لەغەززە چی رووبدات تا ئەوان بێنە نیو شەڕەکەوە – کە رەنگە خۆی ببینێتەوە لەهێرشی بەردەوام بۆ سەر غەززە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی، یان ئەگەری مەترسی لەناوچوونی حەماس و تەواو تێکشکانی.

لەلایەکی ترەوە، لەسەروبەندی سەردانکردنی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بۆ پێشاندانی هاوخەمی و پشتگیریکردنی وڵاتەکە، سوپای ئسیرائیل بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدەن.

لەکاتێکدا هەزارەها سەربازی ئیسرائلی لەسنورەکانی غەززە کۆبوونەتەوە، ریچار هێچت، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە غەززە داگیر نەکەن.

ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ قۆناغەکانی داهاتووی جەنگ، ئێمە نەمانوتووە کە ئەو قۆناغانە چین، هەموان باس لەهێرشی زەمینی دەکەن، رەنگە شتێکی جیاواز بێت»، هێچت وای وت.

حەماس تووشی «سەرسوڕمان» بووە

بەرپرسێکی باڵای حەماس کە بۆ واشنتن پۆست قسەی کردووە سوورە لەسەر ئەوەی ئێران لەو هێرشەدا بەشداری نەکردووە کە تێیدا هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون و ٢٠٠ کەسیش بەدیل گیراون. ئەو دەڵێت، حەماس چاوەڕێی تێکشکانی بەرگری ئیسرائیلی نەکردووە بەو شێوە گەورەو خێرایەو حەماسیش خافڵ بووە لەوەڵامی "دڕندەیی" ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کەتێیدا  نزیک بەسێ هەزار فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لەملیۆنێکیش ئاوارە بوون.

عەلی بەرەکە، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حەماس لەبەیروت دەڵێت، «بەدڵنیاییەوە ئێرانییەکان یارمەتیمان دەدەن و راهێنانمان پێدەکەن و پاڵپشتیمان دەکەن، بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە بەتایبەتی زۆر نهێنی بووە».

ئەو دەڵێت مەبەست لەئۆپەراسیۆنەکەی حەماس ئاڵوگۆڕکردنی چەند بارمتەیک بووە لەبەرامبەر چەند زیندانییەکی فەڵەستینی و «ئۆپەراسیۆنێکی سنوردار» بووە، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەیان کردووە کە ئسیرائیل هێرشی ئاسمانی بکات پێش ئەوەی بێتە نێو دانوستانی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانەوە.

بەرپرسەکەی حەماس باس لەوەش دەکات، «تێکشکانی سوپای ئیسرائیل تووشی سەرسوڕمانی کردین، بۆیە رووداوەکەش ئاوا گەورە بوو».

داگیرکردنەوەی غەززە «هەڵەیەکەی گەورە» دەبێت

لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی، جۆ بایدن باسی لەوە کرد کەداگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە «هەڵەیەکەی گەورە» دەبێت چونکە حەماس «گوزارشت نییە لەهەموو گەلی فەڵەستین» بەڵام لەناوبردنی «توندڕەوەکان کارێکی پێویستە».

چوونە نێو غەززە کارێکی گران و قورس دەبێت بۆ ئیسرائیل و زیانێکی گەورەی دەبێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیکۆنۆمستی بەریتانی، داگیرکردنی غەززە جەنگێکی ترسێنەر دەبێت بۆ ئیسرائیل چونکە حەماس بەشێوەیەکی بەرفراوان پشتی بەتونێلەکانی بەستووە.

بەپێی قسەی بزوتنەوەی حەماس، تونێلەکانیان نزیک دەبێتەوە لەهەزارو ٣٠٠ تونێل کەهەموویان ٥٠٠ کیلۆمەتر دەبن ئەمەش 10 جار لەدرێژی غەززە زیاترە.

ئەم تونێلانە لەلایەن حەماسەوە بۆ پەیوەندی، دروستکردنی چەک، ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و خۆدزینەوە لەتەکنەلۆجیای ئیسرائیل و جەندین مەبەستی تر بەکاردەهێنرێت. بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی راندی ئەمریکی لەساڵی ٢٠١٤ەوە هەوڵی دروستکردنی ستافی تونێلی حەماس ٩٠٠ کارمەندی بەردەوامی دامەزراندووەو هەر تونێلێک سێ مانگی پێچووە و ١٠٠ هەزار دۆلاریشی بۆ دروستکردنی ویستووە.

رۆژنامەی ئیکۆنۆمیست دەڵێت حەماس سەرمایەی بۆ ئەم تونێلانە بەشێویەک کۆکردووەتەوە کە لەنێو غەززە وەک وەبەرهێنانی بازرگانی پیشانی داوەو لەمزگەوتەکاندا پارەی بۆ کۆکردووەتەوە. ئیکۆنۆمیست باس لەوەش دەکات بۆچوونی ئەوە هەیە کەئێران و کۆریای باکور یارمەتی حەماسیان دابێت لەبنیادنانی، دابینکردنی پارەو ئەندازیاردا.

یەکەم تونێل کە لەو ناوچەیەدا دروستکراوە لەلایەن هۆزی بەدوەنەکانەوە بووە لەسنوری غەززە-میسر لەساڵی ١٩٨١. یەکەم هێرشی تونێلی لەکەرتی غەززەوە لەساڵی ١٩٨٩ دەستیپێکرد، بەڵام لە ٢٠٠١دا بوو کاتێک بزوتنەوەی حەماس لەدوای کشانەوەی ئیسرائیل لە ٢٠٠٥ دەستیکرد بە دروستکردنی تۆڕێکی گەورەی تونێل. یەکەم مەبەستی تونێلەکانی حەماس بەقاچاخبردنی کەلوپەل و چەک بوو لەمیسرەوە بۆ غەززە بەڵام دواتر حەماس بەکارهێنانی فراوانترکرد تائەمڕۆ.

فەرماندەکانی حەماس لەم تونێلانەوە خۆیان دەشارنەوەو دەتوانن پەیوەندی بکەن بەیەکەوە بەبێ ئەوەی پشت بەتۆڕی پەیوەندی غەززە ببەستن کە لەلایەن ئیسرائیلەوە چاودێری دەکرێت. لەناو تونێلەکان چەکی جۆراوجۆر دەشارنەوەو بەرهەمی دەهێنن و دەشتوانن بەکاریبهێنن بۆ هێرشی لەناکاوو هێرشی سنور بڕ بۆ نێو ئیسرائیل وەک چۆن کاتێک لەساڵی ٢٠٠٦ عەقید گیلاد شالیتیان رفاندو دواتر لەبەرامبەر زیاتر لەهەزار زیندانی فەڵەستینی ئازادیان کرد.

ئێسرائیل چەندین ساڵە بشێوەیەکی چر وەبەرهێنانی سەربازی و مرۆیی و دارایی دەکات بۆ لەناوبردنی تونێلەکانی حەماس، لەساڵی ٢٠١٤ ئۆپەراسیۆنێکی بۆ لەناوبردنی ئەو تونێلانە راگەیاند کە تێیدا ٣٢ تونێلی لەناوبرد بەدرێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر کە ١٤ دانەیان دزەیان کردبووە خاکی ئیسرائیلەوە. دوای جەنگی ٢٠١٤ لەنیوان حەماس و ئیسرائیل، لیژنەیەکی حکومەتی ئیسرائیل ئەوەی بۆ دەرکەوت کە سوپای ئیسرائیل ئامادەیی نەبووە بۆ ئەو مەترسییانەی تونێلەکان بۆ سوپای دروستدەکات لەگەڵ ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەیان ئاگادارکردەوە ئەو تونێلانە یەکێکن لەو پێنج هەڕەشە جددییانەی کە مەترسین بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل. وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە سوپای وڵاتەکەی تەنها چەند رۆژێکیان پێدەچێت بۆ خاپورکردنی تونێلەکان لەکاتێکدا چەندین هەفتەی پێچوو.

جەنەڕاڵێکی خانەشینی ئیسرائیل ئەوەی بە ئیکۆنۆمیست وتووە کە دۆزینەوەی تونێلەکان زۆر سەخت بووەو تەنها بەشیوازی تیۆری زانیارییان لەسەر هەبووەو لایەنی پراکتیکییان کەم بوووە. تەنانەت لەنابردنی تونێلەکان قورستر بوون چونکە پێویستیان بەتەقینەوەیەکی زۆر گەورە هەبووە. بەپێی مەزندەی ناوەندی توێژینەوەی راند، هەر تونێلێک پێویستی بە نۆ بۆ ١١ تۆن تەقەمەنی هەبووە تا لەناوببرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی ئیکۆنۆمیست، یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی سوپای ئیسرائیل تووشی دەبێت لەئەگەری چوونە نێو تونێلەکانەوە تاریکی تونێلەکانە چونکە تەنانەت کەلوپەلی تایبەت کەپێی دەوتری «گاگڵ» و بۆ تاریکی شەو بۆ چاو بەکاردێت لەناو تونێلەکان بێسوودن و هەروەها ترسی ئەوەی هەیە کە حەماس گازی ژەهراوی لەناو تونێلەکان بڕێژێت، ئەمە جگەلەوە کە ناو تونێلەکان ساردن و پلەی گەرمییان ١٠ پلەی سیلیزی کەمترە لەپلەی گەرمی ئاسایی.

سەربازێکی بەریتانی کە مەشقی لەچەند تونێلێکی هاوشێوە کردووە دەڵێت، «کاتێک دەچیتە ناوەوە هەست بەوە دەکەیت کە ئەگەر بە رێکوپێکی راهێنانت پێنەکرابێت و ماوەیەکی زۆرت بەسەر نەبردبێت، ناتوانی بەخێرایی بجوڵێیت».

ئاڵنگارییەکەی تر بۆ سەربازانی ئیسرائیل ئەوەیە کە دەنگی تەقەی چەکەکان زیاترە لەبۆشاییەکی داخراوی وەک تونێلەکان. چاودێری سەربازی ئەمریکی جۆ ڤیگا لەسەر ئەوە دەڵێت، لەبەر ئەوەیە کە تیمێکی گەورە پیویستە بۆ قەڵاچۆکردنی تونێلەکان «چونکە دەبێت بە بەردەوامی سەربازەکان بگۆڕی و بیانهێنیتە دەرەوەو سەربازی تر ببەیتە ژوورەوە چونکە ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بن.» ئەو کاریگەرییەی کە دروست دەبێت پێی دەوترێت پەستانی بەرز کە وادەکات تەقەی چەکەکان تۆزو خۆڵ دروست بکەن و مەودای بینین کەمبکەنەوە. 

سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرفراوان رۆبۆت بەکاردەهێنێت پێش ئەوەی بچێتە تونێلێکەوە تا هەموو هێرشیکی لەناکاوو بۆمبی مینڕێژکراو پووچەڵ بکاتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، لەبەر ئەم هۆکارانە سوپای ئسیرائیل رووبەڕووی ئەرکێکی زەحمەت دەبێتەوە. لەڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، جەنەڕال هێرزی هالڤی، بەرپرسی ستافی سوپای ئیسرائیل، بەڵێنیدا کە بچنە نێو غەززەوەو بۆ ئەو شوێنانەی کە حەماس تێیدا ئامادەکاری دەکات و پلان دادەڕێژێت و هێرشی تێدا ئەنجامدەدات و هێرشیان بکاتەسەر لەهەموو شوێنێک و هەموو ژێرخانەکان خاپوور بکات لەگەڵ گرتن و کوشتنی هەموو فەرماندە و چەکدارێکدا، بەڵام ئیکۆنۆمیست پێیوایە کە لەڕووی پراکتیکییەوە ئەم کارە کارێکی ئاسان نابێت و چەندین ساڵی پێدەچێت نەک چەند هەفتەو مانگێک بۆ لەناوبردنی سەدەها کیلۆمەتر لەتۆڕێکی ژێرزەمینی.


 
أحدث أقدم

نموذج الاتصال