گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد كە نووسراوی فەرمی بۆ ناردنی 700 ملیارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كراوە و لەگەڵ گەیشتنی پارەكە، خشتەی مووچە رادەگەیەندرێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی کردووە بۆ ناردنی 700 ملیارەکەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.“
ڕوونیشی كردەوە: ”لە ڕۆژانی داهاتووش لەگەڵ هاتنی پارەکە، خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت.“
لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵیش، پێشەوا هەورامانی راگەیاند گوتی: ”بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیران حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەو سێ مانگەشی کە دەمێنێت، بدرێت و مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.“