کەشناسی هۆشداری دەدات بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە سبەی لە چەند ناوچەیەک ئەگەری هەستانی لافاو هەیە. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: "بۆ بابەتی پشوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لە گفتوگۆین.''
سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی ڕاگەیاند: "ئەمشەو شەپۆلە بەهێز و چڕەکەی بارانبارین دەست پێ دەکات و ئەگەری هەیە لەنێو سەنتەری شاری هەولێر 50 بۆ 80 ملیم باران ببارێت.''
ئاماژەی بەوەش دا: "بەگشتی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەگەری بارینی 75 بۆ 160 ملیم باران هەیه، بەتایبەت لە باکووری هەولێر.''
ئەو کەشناسە دەشڵێت: "ڕاگەیاندنی پشوو کاری لایەنە پەیوەندارەکانە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان مەترسی هەیە و بارانی زۆر دەبارێت و لافاو هەڵدەستێت.''
ئاشکرایشی کرد: ''لە ئیدارەی گەرمیان و سلێمانی و سەرجەم ناوچەکان پێشبینیی بارانی زۆر و لافاو هەیە. گوتیشی: "لەو ناوچانەش ئەگەری 30 بۆ 100 ملیم باران هەیە.''
هەر لەم بارەیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، لە لێدوانێكی تایبەتدا به (باسنیوز)ی راگهیاند: "ھێشتا بۆ پشووی سبەینێ ھیچ بڕیارێکمان نەداوە و بۆ ئەم پرسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لە گفتوگۆداین.''
ئاماژەی بەوەش دا: ''لەگەڵ هەموو تیمەکان ئامادەکاریی پێویست کراوە بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان و ڕووبەڕوبوونەوەی لافاو.''
ئهمڕۆ یهكشهممه 19/11/2023)، ئاراس جهبار، شارهزای كهشناسی، ڕایگهیاند: ''لە ئێوارەی ئەمڕۆوە پێشبینیی دەستپێکردنی بارانبارین دەکەین، سەرەتاش لە سنووری پارێزگای دھۆکەوە، شەویش کاریگەریی چڕی شەپۆلەکە دیار دەکەوێت.''
ئەو کەشناسە ھۆشداری لە بارانی بەھێز و بەلێزمە دەدات و دەڵێت: "تاوەکوو سبەی ئێوارە، دووشەمە 20/11/2023، ئەگەری هەستانی لافاو، بەتایبەت لە ناوچەکانی سنووری قەزای ئامێدی، ئاکرێ، بارزان، شیلادزێ، سەنتەری پارێزگای ھەولێر و دەوروبەری سنووری ئیدارەی سۆران هەیە."