میدیایەكی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبێ رەچاوكردنی ئەو لێكنزیكبوونەوەیەی لەنێوان حزبەكەیان و پارتی دیموكراتی كوردستان دروست بووە، بە شێوەیەكی بەردەوام هێرش دەكاتە سەر پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان. چاودێرێكیش رایدەگەیەنێت كە ئەو میدیایە هەوڵی دروستكردنەوەی شەڕی ڕاگەیاندن دەدات و پرسیاری خستۆتە سەر بەرپرسانی باڵای یەكێتی.
زیاتر لە دوو هەفتەیە لێكنزیكبوونەوە لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بووە، كەچی (وڵات میدیا)ی سەر بە یەكێتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە شێوەیەكی بەردەوام هێرش دەكاتە سەر پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی ئەم لێك نزیكبوونەوەیە بكات.
لەمبارەیەوە نۆژدار هەركی، چاودێری سیاسی راگەیاند، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیە بە شێوەیەكی بەردەوام چاودێریی میدیاكانی پارتی و یەكێتیش دەكەن، بۆیان دەركەوتووە كە ئەو میدیایەی یەكێتی نەك هەر گوێ بە ڕاگرتنی شەڕی ڕاگەیاندن نادات، بەڵكوو هانی ئەوە دەدات كە ئەو شەڕە دەست پێ بكاتەوە و دووبارە ناكۆكییەكان قووڵتر ببنەوە، ئەمەش لە قازانجی خەڵكی كوردستان نییە و پێچەوانەی ئەو قسانەیە كە خودی بەرپرسانی باڵای یەكێتیش دەیكەن بۆ دووبارە یەكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان.
ئاماژەشی بەوە كرد: ”یەكێتی ئەگەر ئەو میدیایەی رانەگرێت و سنوورێك بۆ هەوڵەكانیان دانەنێت، لەوە بەرپرسیار دەبێت كە جارێكی دیكە یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان تێك بچێت و باری دەروونیی خەڵكی كوردستانیش ئاڵۆز بكەن.“
ئەو چاودێرە گوتی: ”ئەم شێوازی كاركردنەی میدیاكەی یەكێتی دوو گومان هەڵدەگرێت و سێیەمی نییە، ئەویش یان بە فەرمانی بەرپرسانی خودی یەكێتی ئەو هێرشانە دەكات كە ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە ئەوان لە لێكنزیكبوونەوەكانیان جددی و راستگۆ نین، یانیش ناتوانن میدیاكەی خۆیان كۆنتڕۆڵ بكەن كە ئەمەش پرسیارێكە لەسەریان ئاخۆ دەتوانن میدیاكەیان بەو جۆرە ئاراستە بكەن كە ئەوان دەیانەوێت؟“