ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، جەواد تڵیباوی، سەرکردە لە عەسائیب ئەهلی حەق، لە بەیانێكیدا، كە لە میدیا عێراقییەكان بڵاوكراوەتەوە، رەخنەی توندی لە میلیشیاكانی حزبوڵا گرتووە، كە لە باسكردنی ئۆپەراسیۆنەكان لە دژی بنكە و بارەگاكانی هێزە ئەمریكییەكان، ناوی عەسائیبی ئەهلی حەقیان نەهێناوە، لەكاتێكدا رۆڵی عەسائیب لەو هێرشانەدا بەرچاو بووە.
تڵیباوی ئاماژەی بەوە داوە، كە ئەوان هەمووان یەک ئامانجمان هەیە، كە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە، رەخنەی توندی گرتووە لەوەی، كە سكرتێری لیواكانی حزبوڵا ناوی ئەوانی نەهێناوە.
پێشتر ئەبو حوسێن ئەلحەمیداوی، سکرتێری گشتیی لیواکانی حزبوڵا ڕایگەیاند، “لە ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریكا (كە ئەوان بە داگیركەری عێراق ناویان بردوون) ناوەستن، تا عێراق ئازاد نەکرێ، ئەوە بڕیارێکە لێی لانادەن، هەرچەندە قوربانیدانەکانیان قورس بێت.”
ئەلحەمیداوی ناوی ئەو میلیشیا و گرووپانەی هێنا، كە هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا، لەوانە (ئەنساروڵا ئەلئەوفیە، بزووتنەوەی نوجەبا، لیواکانی سەیدولشوهەدا، لیواکانی حزبوڵا)، كە لەژێر ئاڵای مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریكا، كار دەكەن.