رۆژنامەی هەولێر وەڵامێكی توندی میدیایەكی ئێرانیی دەداتەوە




 

ڕۆژنامەی هەولێر، وەڵامێكی توندی میدیایەكی ئێرانیی دەداتەوە و چەند زانیارییەك لەبارەی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین لەو وڵاتە دەكات و بە جێگەی سەرسوڕمانی دەزانێت كە چۆن میدیاكانی ئێران لە ڕوویان دێت باسی ئازادی بكەن؟


وەڵامێك بۆ میدیای ئێرانیی (دیپلماسی ایرانی)


وەڵامێك بۆ میدیای ئێرانیی (دیپلماسی ایرانی)


لەدرێژەی چەواشەكاری و پەلامارە ناڕەواكانی میدیاكانی ئێران لەدژی هەرێمی كوردستان، ماڵپەڕی (دیپلۆماسیی ئێرانی) ڕۆژی شەممە 25ی نۆڤەمبەری 2023 ڕاپۆتێكی بە سوودوەرگرتن لە هەواڵێكی میدیای پەكەكە لەدژی هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە و تێیدا باسی بوونی گەندەڵی كردووە و هەرێمی كوردستانی بە زیندانی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی لە هەرێمی کوردستانی بە ئازادیی گاڵتەجاڕی وەسف كردووە.


ئەم پەلامارانەی میدیاكانی ئێران بۆسەر هەرێمی كوردستان بەشێكن لە پلانێكی بەرفراوانی گوشاری جۆراوجۆری سیاسی و ئەمنی و چەواشەكاریی فەرهەنگی بۆ ناشرینكردنی ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان كە دەرئەنجامی شۆڕش و خەبات و ئازادیخوازیی گەلی كوردستانە. ئەم چەواشەکارییانە هەوڵێکن بۆ گومڕاكردنی ڕای گشتیی ناوخۆی ئێران و هاووڵاتیانی كورد و هەروەها پەردەپۆشكردنی گەندەڵیی بەرفراوان لەناو کاربەدەستانی ئێران و ئەو پێشێلكارییە ئاشكرایانەی كە ڕۆژانە بە شێوەیەكی بەرفراوان لەبەرانبەر هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و چینوتوێژە جۆراوجۆرەكانی ئێران لەئارا دایە.


ئەوە لە حاڵێكدایە كە بەپێی ڕاپۆرتەكانی ناوەندە جیهانی و سەربەخۆكانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین و شەفافیەت، ئێران زیندانێكی گەورەیە بۆ خەڵكی ئێران و لەڕیزبەندیی فاسدترین وڵاتانی جیهان دایە.


بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور لە مانگی مەی 2023 لە بابەتی ئازادیی ڕادەربڕینەوە لەنێو 180 وڵات ئێران پلەی 178 ی هەیە و لەڕیز كۆریای باكوور و ئەریترە لە خوارەوەی لیستەكەدایە. هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتەوە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو 4 پلە هاتۆتە خوار و ئازادی بە شێوەیەكی گشتی لە ئێراندا لە خەراپترین دۆخی خۆی دایە. هەر بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور لە ساڵی 2022 ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا سێیەم گەورەترین زیندانە بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاكوان و خەڵكی ناڕازیی سیاسی.

هەروەها پەیوەندییە ئاساییەكانی هاووڵاتیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتێرنێت بە گشتی لەژێر چاودێریی چڕی دەزگا ئەمنییەكاندان و لەدوای شەهیدکردنی ژینا و سەرهەڵدانی ناڕەزایی خەڵك بە سەدان هاووڵاتی بە گولـلەی ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار كەسیش گیراون. لە دۆسیەی گەندەڵی و شەفافیەتیش كۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی شەفافیەت لەنێوان 180 وڵات پلەی 150یەمی لەبابەتی گەندەڵی بەدەست هێناوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەوانەش پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كە لە ئێراندا بە كەمایەتی ناویان دەهێندرێت لە دۆخێكی خرابدان و لەژێر گوشاری بەردەوامی ئەمنی و سیاسی و یاسای نادادپەروەرانە و بێبەشبوون لە مافەكانی هاووڵاتیبوونن.


هەموو ئەو ئاماژانە پێمان دەڵێن ئێران لەژێر سایەی حوكمێكی ناتەندروست بووەتە شوێنی تێكشكاندنی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ وترس و تۆقاندن و سەركوتكاری. هەر بۆیەش جێگەی سەرسوڕمانە میدیاكانی ئێران لەڕوویان هەڵدێت باسی ئازادی بكەن.


جێی سەرسووڕمانە، كە دامودەزگاكانی میدیای ئێران لە ڕوویان بێ ناوی ئازادی بەرن و باسی ئازادی بكەن.

كۆماری ئیسلامی جگە لەوەی كە سەرچاوەی ھەموو نەھامەتییەكە بۆ گەلانی وڵاتەكەی خۆی، بۆتە سەرچاوەی نەھامەتییش بۆ زۆربەی زۆری گەلانی ناوچەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش.

زۆر بێچاووڕووانە بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستانیش ڕەفتار دەكا و لە كاری چەواشەگێڕانەدا بەردەوامە و دەیهەوێ ھەمیشە خەڵكە ئاسوودەكەی نائاسوودە بكات.


أحدث أقدم

نموذج الاتصال