هێرشکرایە سەر کەشتییەکی جەنگی ئەمریکا لە یەمەن


 ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم) رایگەیاند لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر کەشتی سەربازی (یو ئێس ئێس مەیسین).

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا، کەشتی سەربازی (یو ئێس ئێس مەیسیۆن) بۆ یارمەتی کەشتی بازرگانی سەنتراڵ پارک، کە هەوڵی رفاندنی درابوو، چبووە کەنداوی عەدەن.

بەرەبەیانی دووشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی 2023، لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانەوە هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر ئەم کەشتییە سەربازییە و دوو مووشەکی بالستیکی بەرەو کەشتییەکە هەڵدراوە و سێنتکۆم دەڵێت، مووشەکەکان لە دووری ١٠ میلی کەشتییەکە خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی ماددی و گیانی نەبووە.

بە پێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، کەشتی مەیسیۆن، پێش هێرشەکە توانیبووی رێگری بکات لەوەی کەشتی سێنتراڵ پارک لە لایەن  هێرشبەرەکانەوە بڕفێندرێت.

بە پێی ئەم راپۆرتە، دوای نزیکبوونەوەی کەشتی ئەمریکایی (یو ئێس ئێس مەیسیۆن) لە کەشتی بازرگانی سێنتراڵ پارک کە ئاڵای لیبریای لەسەر بوو و سەر بە کۆمپانیای زودیاکە، ٥ کەسی هێرشبەری چەکدار هەوڵی هەڵاتنیان دا. بەڵام دەستگیرکراون. سێنتکۆم ئاماژەی بە ناسنامەی چەکدارەکان نەداوە، بەڵام رایگەیاندووە ئەم ٥ کەسە دەستگیرکراون.

بە پێی راگەیاندنی زۆدیاک، هیچ زیانێک بە کەشتی سێنتراڵ پارک کە بارەکەی "ئەسید سۆلفۆریک" بووە نەگەیشتووەو ٢٢ کەس لە ناو کەشتییەکەدا بوون کە هاوڵاتی وڵاتانی، بولگاریا، تورکیا، جۆرجیا، ڤیەتنام، هیندستان و رووسیا و فیلیپینن، بە تەندروستی تەواوەوە لە کەشتییەکەدا.

دەوترێت، کەشتی سێنتراڵ پارک سەر بە کۆمپانیای زودیاکە کە بازرگانی ئیسرائیلی بە ناوی (ئەیال ئۆفێر) خاوەنی ئەو کۆمپانیایە.

هەفتەی رابردوو، حووسییەکانی یەمەن، دەستیان بە سەر کەشتییەکی بازرگانیدا گرت لە دەریای سوور کە دەوترێت سەر بە ئیسرائیلە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال