لەگەڵ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی بیرۆکەکەیە، بەڵام پارتە سەرەکییەکانی عێراق زۆر بە رژدی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدەن


 

لەگەڵ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی بیرۆکەکەیە، بەڵام پارتە سەرەکییەکانی عێراق زۆر بە رژدی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەدەن، ئەو مشتومڕە سیاسییەش زیان لە پڕۆسەکە دەدات.

رۆژی چوارشەممە (15ـی تشرینی دووەمی 2023) رۆژنامەی (الشرق الاوسط)ـی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە، قسە و گفتوگۆکان لەسەر ئەوەیە هەڵبژاردن بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت، یاخود لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان یەک بخرێت، ئەوە لە کاتێکدایە چەند رۆژێک پێش ئێستا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر فەرمانی بە لایەنگرانی کرد دەنگ نەدەن کە بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان محەممەد حەلبووسیشی بەدواداهات.

بەپێی رۆژنامەی ( الشرق الاوسط)، سیاسییەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی نیازییان وایە پرۆسەی هەڵبژاردن دوابخەن بۆ بەهاری ساڵی داهاتوو، بەڵام هەمووان بەخواستی سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران نوری مالیکی و قەیس خەزعەلی رێبەری بزووتنەوەی (العصائب) سەرسام بوون.

ئەنجوومەنی پارێزگاکان ساڵی 2020 هەڵوەشایەوە، ئەو کاتەی پەرلەمانی عێراق دەنگی بۆ کۆتایی پێهێنانی کارەکانیدا پاش ئەو ناڕەزاییەی تشرینی یەکەمی 2019 دروستبوو لە شەقامی عێراقی، بەر لەوەی فراکسیۆنە سیاسییەکان لە رێگەی هەڵبژاردنی ناوخۆ  بڕیاری دەستپێکردنەوەی بدەن، بەپێی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی لە ساڵی 2022 ئەنجامدرا.

گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لای هێزە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر دەرکەوتن دوای کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، خواستیانە دەستیان بگات بە دەنگی زیاتر و بەتایبەتیش لەو ناوچانەی رەوتی سەدر لێی دەسەڵاتدارن.

پێشتر تەحسین حەمیداوی، بەرپرسی گشتی (سەرایا سەلام) هۆشداری دایە گرووپەکانی سەرایا سەلام لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و گوتی: "رووی قسەکانم لەوانەیە کە سەر بە گرووپەکانی سەرایان ، ئەوەی خۆی خستووەتە نێو ئەو هەڵبژاردنە، پێویستە لەسەری تا 15 رۆژی دیکە بکشێتەوە، ئەگینا وەڵامێکی دیکەمان دەبێت".

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال