سوپای فەڕەنسا : بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە


 سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا کرد.

ئەمڕۆ23ی کانوونی یەکەمی 2023، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە جەنەڕاڵ بیار شیل سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا و شاندێکی یاوەریکرد.

لەدیدارێکدا، کە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون، هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سوپای فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس بەتایبەت کە یەکەیەکی تایبەتی هێزەکانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا ئامادەییان هەیە و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوولا بەردەوامی هەیە، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی وڵاتی فەرەنسای کرد بۆ هاوکاری بەردەوامیان بەتایبەت لەکاتی شەری دژی داعش و ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی بۆ پێشمەرگە و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕوویی زانیاری هەواڵگرییەوە، 

هاوکات سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕۆڵی فەرەنسای لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە بەرزنرخاند و داوای کرد وڵاتی فەرەنسا لە هەوڵەکانی بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە ڕوویی مەشق و ڕاهێنان و پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەت بەردەوام بێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا، سوپاسی پێشوازی گەرمی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و ڕۆڵی پێشمەرگەشی لە شەری دژی داعش بەرزنرخاند و ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

لەکۆتایی ئەو دیدارەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا دووپات لەگرنگی بەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانی نێوودەوڵەتی لەهەرێمی کوردستان و هاوکاری وهەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا

أحدث أقدم

نموذج الاتصال