بۆ بودجە و موچە شاندێک سەردانی بەغدا دەکاتەوە


جووتیار عادل: بۆ بودجە و مووچە، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەكاتەوە

سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕای گەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجیان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە، دەشڵێت: پێشبینی دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا.

د. جووتیار عادل، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێكی فراوانی میدیا عەرەبییەكان كۆبووەوە و لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: پێشبینی دەكرێت لەو ماوەیەدا شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە.

گوتیشی: "گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوامە، ئامانجمان جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی فیدڕاڵیزمە."

دەشڵێت: "پێشبینیی دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغدا، لەسەر كۆمەڵێك پرسی یاسای بودجە و مووچە و نەوت و غاز و ناوچە جێناكۆكەكان گفتوگۆ بكەن."

لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان گوتی: "پرسی دووبارە ناردنەوەی نەوت، پەیوەندیی بە گفتوگۆی نێوان توركیا و عێراقەوە هەیە، ئەوەی پێویست بووە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كراوە، لە پرسە یاساییەكان و گرێبەستەكان؛ بەڵام پرسەكە لە نێوان ئەنكەرە و بەغدا ماوەتەوە."

هەروەها لەبارەی بودجەوە، سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتی: "ئێمە جەخت لە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم دەكەینەوە، كە لە یاسای پەسندكراوی بودجە دەرچووە. لە ماوەی ڕابردوودا بڕی پێویستی نەوت ڕادەستی سۆمۆ كراوە؛ ڕۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا كراوە. بۆیە هەموو پابەندییەكان جێبەجێ كراون؛ گرنگە پرسەكە بە بابەتە سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە و چارەسەر بكرێت."

لە وەڵامی ئەو پرسەی كە بەغدا لە بەرامبەر ناردنی بودجەدا، داوای گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، د. جووتیار عادل گوتی: "ئێمە یاسای ئیدارەدانی دارایییمان هەیە، لە مادەی 29دا دەڵێت: "ئەگەر پارێزگایەك یان هەرێمێك داهاتەكانی ڕادەست نەكات، لە بەشی خۆیدا لە بودجە لێی دەبڕدرێت>. ئەمە یاسایە و ئەو پرسەی چارەسەر كردووە؛ كەواتە پێویستە جێبەجێ بكرێت. بەڵام بەداخەوە تەنیا جەخت لە ڕادەستكردنی داهاتەكان دەكرێتەوە و ئەو یاسایە پشتگوێ خراوە."

لە وەڵامی پرسیارێكدا كە چۆن پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانانەشدا بەردەوامن، د. جووتیار عادل گوتی: "قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری بەسەر هەرێمی كوردستانەوە هەبووە، بەڵام كابینەی نۆیەم هەمیشە هەوڵی ئاسانكاری و هاندانی كەرتی تایبەتی داوە، ئاسانكاری زۆر بۆ كۆمپانیاكان كراوە، تەنانەت بۆ كۆمپانیای دەرەكییش. ئەم پرۆژانەی لە كابینەی نۆیەمدا كراون، لەسەر بنەمای بودجەی بەگەڕخستن كراون، هەرچەندە بەراورد بە كابینەكانی پێشوو، زۆر كەمتر بووەتەوە، بەڵام پشت بەو بودجەیە و كەرتی تایبەت بەستراوە. چونكە كابینەی نۆیەم ڕێگەی هەمەچەشنەكردنی داهاتی گرتووەتە بەر."

یەكێك لە پرسەكانیی دیكە، بریتی بوو لە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە د. جووتیار عادل ڕای گەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، خودی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكارییەكی دووپات كردووەتەوە تاكوو هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە حكومەت بڕیاری ئاسانكاری و ڕێوشوێنی هەڵبژاردنی بۆ تەواوی دامودەزگە پەیوەندیدارەكان گشتاندووە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال