میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە، لەلایەن گرووپێكی چەكداری نەناسراوەوە هێرش كراوەتە سەر بارەگای حزبی دەعوەی ئیسلامی، تا ئێستە زیانەكان بە تەواوی نەزانراوە.
ئەمڕۆ دووشەم چواری كانوونی یەكەم، میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، لە نەجەف دەنگێكی گەورە بیستراوە و دواتر ئاشكرا بووە كە دەنگەكە بەهۆی هێرشێكی چەكداری بووە كە لەلایەن گرووپێكی چەكداری نەناسراوەوە، كراوەتە سەر بارەگای حزبی دەعوەی ئیسلامیی نووری مالیكی.
باس لەوەش كراوە، هێرشكاران بە چەكی جۆری ئارپیجی ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە و زیانەكانیش بە تەواوی نەزانراوە.
ماوەیەكە عێراق دۆخی نائارامە و گرووپە چەكدارە كۆنترۆڵنەكراوەكان، شەڕی لابە لا لە ناوچە جیاوازەكان دەكەن و لە هێزەكانی ئەمەریكا دەدەن، هاوكات چەند رۆژێكە لێدانی ناوخۆییش لەناو شیعەدا دەستی پێ كردووە و بكەرەكانیش نادۆزرێنەوە، ئەوە دوای ئەوەی شەڕی غەزە دەستی پێ كرد و میلیشیا لایەنگرەكانی ئێران لە عێراق، خۆیان بە بەشێك لە شەڕەكە دەزانن.