ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ستێڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كە بەڕێز مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی كونسوڵی نوێی ئەمریكا هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی كونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمریكا هەبوو لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا.
لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی گەل و حكومەتی ئەمریكا كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا پشتیوانیی گەلی كوردستان بوونە بە تایبەت لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ كوردستان لە دوای ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە 1991 و ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق لە 2003 و هەروەها یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان و دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.