ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازیمان لە شاندێکی ڕووسی بە سەرۆکایەتیی بەڕێز میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە کرد.
بیروڕامان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ کرد.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا، هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی
مۆسکۆی کردین.
خواستی هەرێمی کوردستانمان بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەماندا، جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرد ، لەم ڕووەوە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێککەوتن لەسەر هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانمان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دا.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانمان تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سووریا. هاوڕابووین لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی و مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا.