پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستی پێکرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دەكات رێكارەكانی رێكخستنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی هەرێم  بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئایار، بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، بە نووسراوی ژمارە 4920 لە (٢٠٢٥/٤/٢٧) كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانی كردووە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی دارایی عێراق بەشی بودجە دەڵێت، رێكارەكانی رێكخستنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو پلە بەرزكردنەوەیە بە رەچاوكردنی بنەماكانی پێڕەوكراو لەلایەن فیدراڵ و بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

تا ئێستە بە تەواوەتی یەكلا نەكراوەتەوە شێوازی بەرزكردنەوەی پلە لەسەر چ بنەمایەك دەبێت، بەڵام مەرجەكانی بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەر هەر لە (مادەی شەشەم) و بڕگەی (دووەم)دا هاتووە، هەبوونی ئەم مەرجانەی كە لە خوارەوە هاتوون لە كاتی بەرزكردنەوەی پلە:

ا. هەبوونی پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەكی بەرزتر لەو پلەیەی كە تێیدایە، لەناو میلاكی وەزیفی فەرمانگەكەی.
ب. تەواوكردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ بەرزكردنەوەی پلە كە لە خشتەی ژمارە (١) هاتووە.
ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەكان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی كاندید دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی پلە.
د. سەلماندنی تواناكانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی كە نیاز وایە پلەكەی بۆی بەرز بكرێتەوە، بە راسپاردەی سەرۆكی راستەوخۆ و پەسندكردنی سەرۆكی باڵا.



أحدث أقدم

نموذج الاتصال