ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له ناوچه‌ی جه‌بله له باكووری پارێزگای بابل، كه‌سێك 15 ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت و هه‌روه‌ها ئه‌ندامی 3 پۆلیسیش بریندار ده‌كات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی پارێزگای بابل به (كوردستان تیڤی)ی ڕاگه‌یاند: تاوانبار حوسێن فه‌زاله ئه‌لغه‌ریری دانیشتووی گوندی ره‌شاید سه‌ر به شارۆچكه‌ی كه‌وسه له پارێزگای بابل دوای ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی دروست ده‌بێت، هه‌ڵده‌ستێ به كوشتنی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كه پێكهاتوون له 15 كه‌س.
ڕاشیگه‌یاند: تۆمه‌تباره‌كه دوای دروستبوونی ناكۆكی و ده‌نگه‌ده‌نگ له ماڵه‌كه‌یدا، ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵده‌ستێ به كوشتنی هاوژینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ 14 له منداڵه‌كانی.
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند: دوای تاوانه‌كه، هێزه‌كانی پۆلیس ده‌چنه شوێنی ڕووداوه‌كه و گه‌ماڕۆی ده‌ده‌ن، تاوانباره‌كه نزیكه‌ی 2 كاتژمێر به چه‌ك ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه و له‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌شدا 3 ئه‌ندامی پۆلیس بریندار ده‌كات.
سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه ڕاشیگه‌یاند كه هێزه‌كانی سواتی عێراق بۆ پاڵپشتیكردنی پۆلیس ده‌گه‌نه شوێنی ڕووداوه‌كه و هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی تاوانباره‌كه ده‌ده‌ن، به‌ڵام تاوانبار به‌رله‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێت به گوله‌یه‌ك كۆتایی به ژیانی خۆشی ده‌هێنێ.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه به شێوه‌یه‌كی گشتی له ڕووداوه كاره‌ساتباره‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی پارێزگای بابلدا 16 ئه‌ندامی خێزانێك گیانیان له‌ده‌ستدا و 3 ئه‌ندامی پۆلیسیش بریندار بوون.