پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ 2022


 

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵك و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتر بۆ گەلەكەمان. بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆم ئاراستەی هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكان و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم كە هەردەم بە قوربانیدان و خۆڕاگریی خۆیان، لەبەرانبەر هەڕەشەكان و تیرۆر و ئابڵۆقەدا وەستاونەتەوە و پارێزگارییان لە كوردستان كردووە. ئەركی سەر شانی هەموو دامودەزگا و لایەنە سیاسییەكانە لەئاستی قوربانیدانی گەلەكەماندابن و پێكەوە و بە هیمەتی هەموو لایەك پارێزگاری لە دەستكەوتەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
 
هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنێكی باش بوو و ئەنجامەكانیشی دەرخەری ویست و ئیرادەی هاووڵاتیان بوو. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەكان لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە پێویستە هەنگاو و نەریتە دەستوورییەكان بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حكوومەت و دەزگاكانی تر خێراتر جێبەجێ بكرێن و، بووژانەوە و خزمەتگوزاری و، ماف و ویستی هاووڵاتیان و سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بكرێتە ئەولەویەتی بەرنامەكانی حكوومەتی داهاتوو. ئەویش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و سازان و هاوسەنگی لە حوكمڕانیدا. هاوكاتیش نابێ چیتر هەوڵی پەراوێزخستنی ھیچ پێكهاتەیەکی عێراق لە حوكمڕانیدا بدرێت.

بە بۆنەی سەری ساڵی ٢٠٢٢ـی زایینییەوە جارێكی دیکە جەخت لە پەیامی ئاشتیانە و فەرهەنگی پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و، پێویستە هەموو لایەك بە باشی لەوە تێبگەن كە عێراق و ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت. ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیشە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری و ئاساییش هۆكارێكی یارمەتیدەر بێت، بۆ ئەوەی چیتر لەمە زیاتر گەلانی ناوچەكە و خەڵكی بێتاوان تووشی نەهامەتی و وێرانكاری نەبن.
لەساڵی تازەدا بەهیوای ئەوەی ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و، ئومێدی خێر و خۆشی بۆ گەلی كوردستان دەخوازم. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە پەتا و نەخۆشی و نەهامەتی و كارەساتێک بە دوور بگرێت.

مسعود بارزانی

٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١

أحدث أقدم

نموذج الاتصال