پرۆسەی سیاسی عێراق قۆناغی دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بڕی، ئێستە دۆخەكە بەرەو دیاریكردنی سەركۆماری نوێیە كە لە پشكی كوردە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناكۆكی لەنێوان پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستەكە هەیە، ئەگەرچی هەردوولا دووپاتی دەكەنەوە كە ئەزموونی 2018 دووبارە ناكەنەوە.
حكوومەتی نوێ زۆرینەی فرەوان دەبێ و بەشێكی هاوئاهەنگی شیعە و یەكێتی و سەربەخۆكان لەخۆ دەگرێت
ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا گوتی، قۆناغی دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كۆتایی هات و چووینە ناو قۆناغی دیاریكردنی سەركۆمارەوە، دووپاتی كردەوە كە كاندیدی پارتی بۆ پۆستەكە بەهێزە و بە هاوشێوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەویش تێپەڕ دەبێت.
روونی كردەوە، پۆستی سەركۆمار حزبی نییە و تەنیا بۆ كوردە، بۆیە پێویستە كورد سازانی لەسەر پۆستەكە هەبێت بۆ دیاریكردنی یەك كاندید، بەڵام ئەگەر هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، هۆشیار زێباری كاندیدی پارتییە و بە ئاسانی تێپەڕ دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی روونی كردەوە كە ماوەی داهاتوو رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و حكوومەت بەخۆیەوە دەبینێت، ئەو ناوانەیشی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران دەخرێنە روو لەلایەن هێزە شیعەكانەوەیە و پێویستە ئەوان سازانی لەسەر بكەن.
ئاشكرای كرد، ئینجا ناوەكان بۆ سوننە و كورد دەخرێتە روو، دوای ئەوە سازان لەسەر بەرنامەی حكوومەت دەكرێ و كابینەی ویزاری دیاری دەكرێت، شنگالی پێشبینی كرد پێكهێنانی حكوومەتەكە ببێتە زۆرینەیەكی فرەوان و بەشێكی هاوئاهەنگی شیعە و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەندامە سەربەخۆكان لەخۆ بگرێت.
ــــــــــــــــــــــــ
ووشە