هۆشیار زێباری بۆ سەركۆماری شایستەترە"


 بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ناوی كاندیدانی پۆستی سەركۆماری عێراق بێتە راگەیاندن، كە لە پشكی كوردە، هەفتەی داهاتوویش دانیشتنی دەنگدان و دیاریكردنی سەركۆمار بەڕێوە دەچێت، پارتی و یەكێتی و چەند لایەن و سەربەخۆكانیش كاندیدیان هەیە، سەرۆكی لیستی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە هۆشیار زێباری بۆ پۆستەكە شایستەترە.


ڤیان سەبری، سەرۆكی لیستی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، هۆشیار زێباری كاندیدی سەركۆماری عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستەكە بۆ قۆناغی ئێستە شایستەترە، روونی كردەوە، بەپێی دەستوور پۆستی سەركۆماری باڵاترین دەسەڵاتە لە وڵات، ئەو هێمای یەكێتی نیشتمانی و سەروەری وڵاتە، پابەندە بە مسۆگەركردنی پابەندی بە دەستوور و پارێزگاریكردن لە سەربەخۆیی عێراق و سەروەری و یەكێتی و سەلامەتی خاكەكەی. 
توانای زیاتری نوێنەرایەتیكردنی هەموو پێكهاتە سیاسییەكان لە عێراق هەیە
سەبری ئاماژەی كرد كە هۆشیار زێباری، بە رووی هەموو لایەنە سیاسییەكان كراوەیە و وەك سەركۆمار توانای زیاتری نوێنەرایەتیكردنی هەموو پێكهاتە سیاسییەكان لە عێراق هەیە، بەتایبەتی لە سایەی ئەو شارەزایی و دانایی و زیرەكیی سیاسیانە و دیپلۆماسیانەی هەیەتی. 

ئەگەرچی ژمارەی كاندیدانی سەركۆمار زۆرن، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت كێبەركێكە لە نێوان هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆ ببێتەوە، كاتێك لە دوای 2003ەوە ئەو پۆستە لای یەكێتی بووە.

چاودێران پێیان وایە چەند خاڵیك ئەو دۆخەی ئێستەیان دروست كردووە، لەوانە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لەوانەی پێشوو و پارتی ژمارەیەكی زۆر زیاتری كورسی بە بەراورد بە یەكێتی هێناوە، ئەوەیش وای كردووە چاو بە وەرگرتنی پۆستەكە بخشێنێتەوە، جیا لەوە سووربوونی یەكێتی لەسەر بەرهەم ساڵح كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو تاقی كرایەوە و نەیتوانی شتێكی دیار و گرنگ بۆ كورد بكات، جیا لەوانە یەكێتی گوێی بە كۆدەنگی ناوماڵی كورد نەدا لە دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكە، كە ئەگەر بكرایە، ئێستە ئەگەری هەبوو كورد بێ كێشە و دوور لە دووبارەكردنەوەی سیناریۆی 2018 سەركۆماری دیاری كردبایە.  

أحدث أقدم

نموذج الاتصال