مەحەمەد حاجی مەحمود:یەکێتی بارەگایەکی ئێمە ناداتەوە


 

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستی بەسەر بارەگایەكی سۆسیالیستدا گرتووە و زیاتر لە 20 ساڵە بارەگاكانیان پێ ناداتەوە.

محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست ل لاپەڕە (31)ی بەرگی پێنجەمی بیرەوەرییەكانی خۆیدا، ئاشكرای كردووە، لە ناوەڕاستی ساڵی 1997ەوە، شەوكەتی حاجی موشیر و ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی سەردانیان كردوون و پێیان گوتوون، ئەوان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی ڕێككەوتوون، تا سۆسیالیستیش رێك دەكەوێت، بارەگای ئەو حزبە لە ناحیەی (سیروان) ”بە ئەمانەت“ بە یەكێتی بدەن، ئەوانیش بارەگاكەیان پێ داون.

هەروەها بارەگایەكی دیكەشیان لە هەڵەبجە كە ”حەمەی حەمەسەعید بە كەفالەتی خانووەكەی خۆی لە تەوێڵە، بە ئامادەبوونی دكتۆر قادر تەوێڵەیی لێی وەرگرتنی“.

لەبارەی گەڕاندنەوەی خانووەكانیان، محەمەدی حاجی مەحموود لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا ئاشكرای كردووە، ”دوو خانوومان لە هەڵەبجە هەبوو، یەكێكمان دابوو بە بزووتنەوەی نەهزەی ئیسلامی (مامۆستا مەلا سدیق عەبدولعەزیز)، ئەوەی نەهزە بێ دەستكاری تەسلیمیان كردینەوە و راستگۆیانە ئێستا بارەگای حزبە، بەڵام ئەوەی یەكێتی لە سیروان تا ئێستاش تەسلیمیان نەكردینەوە، دەیان جار بە ئێستاشەوە داوای دەكەینەوە، ئەوان سوار و ئێمەش پیادە و كردوویانە بە جێگەی لاوان و خوێندكارانیان لە سیروان“.

لەبارەی گەڕاندنەوەی خانووەكەی هەڵەبجەش دەڵێ: ”كاتێك خانووەكەیان دوای ١٢ ساڵ تەسلیم كردینەوە، لە ڕێگەی شارەوانیی هەڵەبجە و كاك خدر كەریم كردوویانە بە ناوی خۆیانەوە، واتە خانووەكەیان تاپۆ كردووە بە ناوی یەكێتییەوە“.

هەر لەمبارەیەوە كاكە حەمە نەیشاردۆتەوە كە ”حزبی سۆسیالیست لەسەر دەستی یەكێتی زەرەرمەندی یەكەمە بە ئێستاشەوە“.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال