یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا بۆ کاتێکی نادیار راوێژکارە سەربازییەکانیان لە ھەرێم بھێڵنەوە


 

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، دەڵێت، وڵاتانی ئەندام و ھاوپەیمانان لە دژی تیرۆر بەردەوامن لە ھاوکارییەکانیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و، یەکێتی ئەوروپا و ئەنجوومەنی ئەوروپا بڕیارییاندا راوێژکارە سەربازییەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بھێڵنەوەو ھاوکاری بەردەوامی ھێزەکانی پێشمەرگەبن.

دوێنێ ١٣ـی ٤ـی ٢٠٢٢، وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی دژی داعش کۆبوونەوە، سەبارەت بەمە، دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ھاوپەیمان ئەو وڵاتانەی ھاوپەیمان بوون لە دژی داعش بەردەوامن لە ھەڵوێستەکانیان و پاڵپشتیەکانیان بۆ شەڕی دژی داعش لەکاتی سەردانەکانیان بۆ ھەرێمی کوردستان و سەردانی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان دووپاتیان لە پاڵپشتی و ھاوکاری کردەوە، تا ئێستاش زۆربەی وڵاتان راوێژکارەکانیان لە ھەرێمی کوردستان ماون، دوێنێ یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەو لە کۆبوونەوەیەکی فەرمی ئەنجوومەنی ئەوروپا بڕیاریدا ڕاوێژکارەکانیان بۆ کاروباری ئەمنی کە ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێڕاق دەکەن، لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بمێننەوە و کاتەکەیان بۆ کاتێکی نادیار درێژکردەوە، ئۆفیسیان لە ھەولێر ھەیە ئەمە ئاماژەیەکە کە بەردەوامن".

دلاوەر ئاژگەیی، دەشڵێت: "گەر بچینە نێو وردەکارییەکانیش ئەوروپا تێگەیشتنی بۆ ئەم بابەتەی شەڕ لە دژی تیرۆر جیاوازە، بە پێچەوانەی ئەمریکا، کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، داعش کۆتایی ھاتووە، بەڵام یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەو بۆچوونە نەبوو، پێیوابوو کە داعش ھێشتا ماوە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر جیھان بەگشتی، پێیان وابوو کە وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی دژی تیرۆر ھێشتا ھاوکاری ئەم جێگایانە ببن کە مەترسی نزیکبوونەوەی داعشیان لەسەر ماوە، بە تایبەت ئەم جمووجۆڵانەی ئەم کۆتاییانە لەم ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدایە و دەکەوێتە نێوان سوپای عێڕاق و ھێزی پێشمەرگە کە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی داعش ھێشتا ماوە".

ئاژگەیی، زیاتر دەڵێت: "ئێمەش وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بووین لە گەیاندنی ئەم پەیامە، گەیاندنی ئەم داتاو ڕاپۆرتانە لەسەر جمووجۆڵەکانی داعش کە دژی ھێزی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراون داوامان کردووە جگە لەو ھاوکارییانەی ئێستا بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو دەبێت ھاوکارییەکان زیاتر و باشتر بکەن، ھەروەھا ھاوکاربن بۆ ئەوەی کە ھۆکاری سەرھەڵدانەوەی داعش بنبڕ بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە یەکجاری کۆتایی بێت ئێمەش بەردەوامین لە گەیاندنی پەیامەکە، لە ھەوڵی بەردەوام داین ئەگەر بە وردی سەیر بکەی ھەفتانە ھاوکاری سەربازی ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاو دەکرێتەوە".

 



أحدث أقدم

نموذج الاتصال