سەرۆک بارزانی:پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی کوردستان تیڤی دەکات


 

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی به‌بۆنه‌ی  بیست و سێیەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی کوردستان تیڤی


به‌ ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان


 به‌ڕێزان سەرپەرشتیار و بۆردی بەڕێوەبردن و ستاڤ و كارمەندانی دەزگای سەتەلایتی كوردستان،

بە بۆنەی تێپەڕینی بیست و سێ ساڵ بەسەر دامه‌زراندنی (كوردستان تیڤی)ـدا،  پیرۆزبایی له‌ ئێوەی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م و هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.


 كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی وەك یه‌كه‌مین کەناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانیی كوردستان، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە پابەندی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان بووە و لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیاندا سەركەوتوو بووە، لە هەمانكاتیشدا ڕاستگۆیی و پیشەییبوونی خۆی پاراستووە.


پێویستە کوردستان تیڤی و زاگرۆس تیڤی لە چوارچێوەی دەزگای سەتەلایتی کوردستاندا لە گەیاندنی پەیامی ڕەوای گەلەكەمان بە ڕای گشتیی و بڵاوكردنی هۆشیاریی نیشتیمانی و فەرهەنگی پێكەوەژیان لەناو خەڵكدا بەردەوام بن. پێویستە دەزگای سەتەلایتی كوردستان لە ئاست  پێشڤەچوون و گۆڕانکارییە خێراکانی ڕاگەیاندندا بێت، هەروەها وەك هەمیشە پابەندی بەها و ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستانیش بێت.


 دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.


مسعود بارزانی

١٧ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢

أحدث أقدم

نموذج الاتصال