كرمانج عه‌بدوڵا: یه‌كێتى تووشى دۆخێك بووه نازانێ چۆن خۆى لێ ده‌رباز بكات
”رووی نەداوە هەڵوێستی یەکێتی و راکان جبووری جیاواز بێت؟“
ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى پارتى رایدەگەیەنێ، ئه‌وه‌ى یه‌كێتى باسى لێوه ده‌كات، كه له‌به‌ر راكان جبوورى له هۆڵى دانیشتنى په‌رله‌مان هاتوونه‌ته ده‌رێ، راست نییه و بڕوامان پێ نییه، خۆشیان بڕوایان پێ نییه، چونكه ئه‌مه هیچ بنەمایەكی نییە.
كرمانج عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسى لقى 23ى قه‌ره‌چووغى پارتى، بۆ (باس‌نیوز) گوتیشى: ”یه‌كێتى یه‌كڕیزیى هێزه سیاسییه‌كانى كوردستانی تێك دا، جگه له یه‌كێتى، هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان له پارتى تا ده‌گاته یه‌كگرتووى ئیسلامى، هه‌ر هه‌موویان له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مان بوون، ئه‌مه‌ش بابەتێكی تەواو ده‌ستوورى بوو، ده‌بوو ئه‌و ڕۆژه سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگره‌كانى هه‌ڵبژێردرێن، هیچ په‌یوه‌ندیى به هه‌ڵوێست وه‌رگرتنى ئه‌وان نه‌بوو به‌رامبه‌ر هیچ بابه‌تێك، ته‌نیا ئه‌وه‌ى یه‌كێتى كردى بۆ ڕازیكردنى لایەنێكی دەرەكی، ئەو دەوڵەتە بوو به ناوه‌ندگیر له‌نێو ماڵی عەرەبی شیعه“.
ڕاشیگه‌یاند: ”یه‌كێتى بووه هۆى ئه‌وه‌ى ریزەكانی نێوماڵى كورد تێكبچێت، ده‌كرا یه‌كێتی وه‌ك هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانى تر له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مان بوایە، كه‌ى دەهاته سه‌ر پێكهێنانى حكوومه‌ت هه‌ر هه‌ڵوێستێكى هه‌بوا ئه‌وكات هه‌ڵوێسته‌كه‌ى دەربڕیبا، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندیى به كاتى ده‌ستوورییەوە هه‌بوو، ده‌بوو ئەو كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان هه‌ر بكرێت، یه‌كێتى بۆ خۆى له‌گه‌ڵ پارتى بە یەک شاند له به‌غدا بوو، سه‌رۆكى شانده‌كه‌ش یه‌كێتى بوو، بەڵام به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ى پارتى، یه‌كێتى نه‌چووه ناو كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانی عێراق و بایکۆتی کرد، ئەمەشی بۆ ڕازیكردنى چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگیى لایه‌نه شیعه‌كان و ڕازیكردنى ده‌وڵه‌تێكى ئیقلیمى بوو، ئه‌وه ئه‌سڵى بابه‌ته‌كه‌یه“.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى ده‌شڵێت: ”ئێستا یه‌كێتى تووشى دۆخێك بووه، نازانێ چۆن خۆى لێ ده‌رباز بكات، هه‌ڵوێستێكى زۆر لاوازى هه‌یه، لەلایەكەوە یه‌كڕیزىی نێوماڵى كوردى تێكداوه و ده‌شیه‌وێت بیانووى بۆ بێنته‌وه، بۆیه ڕاكان جبوورى له كوێ و هەڵوێستی یەکێتی له كوێ؟ ئێمه بڕوامان به‌م قسانه نییه، ئه‌مانه هه‌مووى بیانوون، ئاخر بۆ یه‌كێتى له‌به‌ر هه‌ڵویستى راكان جبووری له كۆبوونه‌وه بێته ده‌ره‌وه؟ ئه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه هه‌ڵوێستیان یه‌ك نەبووه؟ بۆیه ئێستا خه‌ڵكیش هۆشیارە و لاپه‌ڕه‌ى سپى ده‌خوێنێته‌وه، یه‌كێتى تووشى گێژاوێك بووه بۆ خۆشى نه ئه‌وسه‌رى لێ دیاره نه ئه‌مسه‌ر، ئه‌مه ڕاستییه‌كەیە، یه‌كێتى هه‌موو شتێك ده‌كات، به‌ڵام ئەوەی دەیكات پێی ناگوترێت سیاسه‌ت".
ئەو ئه‌ندامەى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیی پارتی ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: ”پارتى له هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بوو، پێكه‌وه لێكتێگه‌یشتنیان هه‌بوو، هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ش سه‌ردانى سه‌در و لایه‌نه عەرەبە سوننه‌كان و لایه‌نه‌كانى دیكەی چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگیى شیعه‌یان كردووه، ئه‌م پینه و په‌ڕۆیانه‌ى ئێستا یه‌كێتى ده‌یكات، خۆشیان بڕوایان پێی نییه، به‌ڵام ناچارە له‌به‌ر ڕازیكردنى لایەنگران و شه‌قامى خۆیان بیكات، دڵنیاشم هیچ كامێكیان بڕوای بەو قسە و هەڵوێستانەی حزبەكەی نییە، چونكە بیانووەكانیان زۆر لاوازن“