بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند:" وەزیری گواستنەوەی حکومەتی ھەرێم پێشنیازی کردووە گەشتی ئاسمانی لە نێوان ھەولێر و سلێمانی ئەنجام بدرێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی شوباتی 2022، ئەحمەد ھۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند:" وەزیری گواستنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشنیازی ئەوەی کردووە، کە گەشتی ئاسمانی لە نێوان ھەولێر و سلێمانی ئەنجام بدرێت و چاوەڕێی وەڵامی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق دەکەن".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئاماژەی بە گرنگی كردنەوەی ئەو گەشتانە كرد و وتی:" ئەو جۆرە گەشتانە زۆر باشن و نێوان ھەولێر و سلێمانیش بە فڕۆکە 20 خولەک دەبێت، کە ھەفتانە یەک گەشت دەبێت و ئەگەر گەشتیار ھەبوو زیاتریش دەکرێت.
سەبارەت بە كاتی كردنەوەی گەشتەكان ئەحمەد ھۆشیار ئەوەی خستووەتەڕوو:" بەغدا لاری نییە و تەنھا چاوەڕێ دەکەن ھێڵی ئاسمانیی عێراقی دیراسەی بابەتەکە بکات و داواکاری خۆی پێشکەش بکات و دەشڵێت:: بەڵام ئەم جۆرە گەشتانە بۆ زۆر حاڵەت باشن، بە تایبەت حاڵەتی لەناکاو و لەگەڵ بەغداش گەشتی بەردەواممان ھەیە و ھەفتانە چوار گەشت ئەنجام دەدرێت".