سەرۆك بارزانی، لە لاپەڕە (٩٧ و ٩٨)ی بەرگی پێنجەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد - راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) كە تایبەتە بە گێرانەوەی ڕووداوەكانی نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٢، باسی هەڵسوكەوتێكی سەیری سەدام حوسێن دەكات.
سەرۆك بارزانی باس لەوە دەكات كە لە سەردانی شاندی كوردستاندا بۆ بەغدا لە مانگی ئایاری ١٩٩١ كە هەریەك لە (جەوهەر نامق سالم، فازڵ میرانی، دكتۆر رۆژ، ئازاد بەرواری، دكتۆر جەرجیس، نەوشیروان مستەفا، كۆسرەت ڕەسووڵ، موقەدەم دارا، رەسووڵ مامەند، دكتۆر مەحموود عوسمان و سامی عەبدولڕەحمان) یاوەرییان كردووە، رۆژی ٨ی ئایاری ١٩٩١، وەك شاندی بەرەی كوردستانی سەردانی كۆشكی كۆمارییان كردووە و لەگەڵ سەدام حوسێن كۆبوونەتەوە.
سەرۆك بارزانی لەمبارەیەوە دەڵێ: ”دیت
نی سەدام بۆ من ساتێكی پڕ لە ئازار و ناخۆش بوو، بەڵام بە هەر شێوەیەك بێت ددانم بە خۆمدا گرت“. دواتر لەسەر داوای سەدام حوسێن، كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان كردووە.
سەرۆك بارزانی لە لاپەڕە (٩٨)ی ئەو كتێبەدا نووسیویەتی: ”لە كاتی هێنانی چا، هەڵسوكەوتێكی زۆر سەیرم لە سەدام دیت. كاتێ چاكەیان دانا، سەدام دەستی دایە چایەكەی خۆی و بۆ منی دانا و چایەكەی منیشی بۆ خۆی دانا. لێتان ناشارمەوە لەو كاتەدا ئەوەم بە مێشكدا هات كە لەوانەیە چایەكەم ژەهری تێدا بێت، بەڵام هەڵوێستێكی موحریج بوو و چایەكەم خواردەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێكیش هەر چاوەڕێی دەركەوتنی هێما و نیشانەكانی ژەهرەكەم دەكرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ ڕووی نەدا.“