د. مەحموود عوسمان: بەغدا دەیەوێ شتێک بە ناوی هەرێمی کوردستان نەمێنێ و وەک پارێزگا مامەڵەمان لەگەڵ بکات
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری هەرێمی کوردستان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمەی بەغدا دەیکات نوێ نییە، لە رابردووش هەر وابووە. ئێمە کە لە بەغدا بووین، بەهەمان شێوەی ئێستا پارەی هەرێمیان دەبڕی و نەیان دەنارد، بەردەوام ئەوان دژی فیدراڵی بوون، نایانەوێ شتێک بە ناوی هەرێمی کوردستان هەبێت، دەیانەوێ هەرێم ببێتەوە بە پارێزگایەک، بۆیە فشارەکانیان لە مووچە و بودجەدا چڕ کردووەتەوە. بۆیە من بڕوام وایە، ئەمە سیاسەتی ئەوان بووە، بڕوایان بە حوکمێکی مەرکەزیی هەیە، کە هەموو شتێک سەر بە بەغدا بێت.
ئەو سیاسەتمەدارە زیاتر دەڵێ : ئەوان دەیانەوێ دۆخەکە وای لێبێت، کە بەغدا مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات. ئەمە لەکاتێکدایە، ئەوان لیستی مووچەخۆرانی کوردستان وەک خۆی قەبووڵ ناکەن و دەڵێن ئەمە زۆرە و ناڕاستە، ئیتر ئەم بڕوبیانوانە دەهێننەوە، ئەوە سیاسەتیانە.