سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی دووشەممە 9ی تشرینی یەكەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو كریستیانە هۆمان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك دیپلۆماتكار و ڕاوێژكاری سەربازیی ئەڵمانیا پێكهاتبوو.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی تازەی ئەڵمانیای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. هەروەها هێمای بە پەیوەندیی و دۆستایەتیی نێوان گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان دا و، سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. ئەوەشی خستەڕوو كە تیرۆر هەڕەشەیەكی هاوبەشە بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی و ئازادیخوازان و ئەو هەڕەشەیە هێشتا هەر بەردەوامە و بە پێویستیشی زانی هەوڵە جیهانییەكان بۆ ڕیشەكێشكردنی تیرۆر بەردەوام بێت.
لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە مەترسیەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆر، جەختی لە بایەخپێدانی وڵاتەكەی بۆ كاری هاوبەش و هەماهەنگی لە گەشەسەندنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئابووریی بەهێز لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان و بایەخدان بە كشتوكاڵ و ئابووریی فرەچەشن تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.