کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری بانە کوژرا


 

لە دوو رۆژی رابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە، دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراون.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە سنووری هەنگەژاڵ، سەر بە شاری بانە، تەقەیان لە چەند کۆڵبەرێک کرد و کۆڵبەرێک بە ناوی جەلال حەیدەریان گیانی لەدەستدا.

دەشڵێت، کۆڵبەرێکە بە ناوی جەلال حەیدەریان کە تەمەنی ٢٨  ساڵە، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری ھەنگەژاڵ لە بانە کوژرا، بەپێی راپۆرتەکە، ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی "قاچیان"ە لە شاری دیواندەرە. 

هاوکات بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، لە ماوەی 75 رۆژی رابردوودا حەوت کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراون و 105 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

هەموو ئەو کۆڵبەرانەی لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پارێزگای سنە و نەوسوود لە سنووری پارێزگای کرماشان بریندار بوون و 36 کەسیان تەمەنیان کەمتر لە 18 ساڵان بووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و زیاتربوونی خەڵکی بێکار، بە تایبەت کە هەندێ لە هەلەکانی کار وەک کرێکاری لە کاتی سەرمادا نامێنن، خەڵکی کەمداهات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان روو لە کۆڵبەریی دەکەن.

جێگەیباسە ،ئێوارەی رۆژی سێشەممەش کۆڵبەرێکی دیکە تەقەی لێکرا و لە ھەمان سنور کوژرا، بەوەش لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا دوو کۆڵبەر لە سنوری بانە کوژراون. 

بەپێی رێکخراوی ھەنگاو، لەسەرەتای پاییزەوە واتە لە ماوەی ٥٥ رۆژدا، پێنج کۆڵبەر بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و لانیکەم ٣٥ کۆڵبەری دیکە برینداربوون. 

 

 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال