هۆشیار زێباری: دادگای فیدراڵی عێراق ده‌ستووری نییه‌ و بڕیاره‌كانی به‌ سیاسی كراون


 هۆشیار زێباری سیاسه‌تمه‌داری كورد رایده‌گه‌یه‌نێت، دادگای فیدراڵی عێراق ده‌ستووری نییه‌ و بڕیاره‌كانی به‌ سیاسی كراون.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) هۆشیار زێباری سیاسه‌تمه‌داری كورد نووسیوویه‌تی: “پێشتر گوتومانه‌، ئێستاش ده‌یڵێینه‌وه‌، دادگای فیدراڵی ناده‌ستوورییه‌ و بڕیاره‌كانی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی حیساباتی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ به‌ناوی دادگا و دادپه‌روه‌ری به‌ سیاسی ده‌كرێن”.

زێباری هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: “كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ یاسایه‌كی نوێ له‌باره‌ی پێكهێنانی دادگایه‌ك به‌پێی ده‌ستوور ده‌ربكرێت، چونكه‌ خه‌ریكه‌ دادگای فیدراڵی  زێده‌ڕۆیی به‌سه‌ر حكومه‌ت و په‌رله‌ماندا ده‌كات”.

هۆشیار زێباری ده‌پرسێت، پره‌نسیپی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ كوێیه‌؟

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال