بڕیارک دەرچوو بەشێک لە فەرمانبەران موچەیان زیاد دەبێت


بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە، فەرمانبەرانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە، كە دەرچووی چەند پەیمانگایەكن، دەتوانن ناونیشانیان بگۆڕدرێت بۆ مامۆستا و مووچەكانیشیان زیاد دەبێت.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە كۆپییەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئاماژە بەوە دراوە، ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەتی پەروەردە، كە دەرچووی پەیمانگا ناحكوومییەكانی (كۆمپیوتەر و وەرزش و هونەرەجوانەكان)ن، دەكرێنە مامۆستا.

بەپێی بڕیارەكە. ئەوانەی دەرچووی پەیمانگاكانی هونەرەجوانەكان و پەروەردەی وەرزشن، ناونیشانیان دەكرێتە مامۆستای بنەڕەتی.

ئاماژە بەوەش دراوە، كە دەرچووانی پەیمانگاكانی كۆمپیوتەریش ناونیشانیان دەگۆڕێت بۆ مامۆستای بنەڕەتی، بەو مەرجەی بەشداریی خولی شیاندن بكەن.

ئەوانەی ناونیشانیان دەكرێتە مامۆستا، پێویستە خزمەتی دەرەوەی شار تەواو بكەن، هەروەها تاوەكوو خزمەتی دەرەوەی شار تەواو نەكەن گواستنەوە و تەنیسب و خواستنیان بۆ ناكرێت بۆ ماوەی سێ ساڵ.

بڕیارەكە تەنیا فەرمانبەرانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە، كە دەرچووی پەیمانگاكانی كۆمپیوتەر و ھونەرە جوانەکان و پەروەردەی وەرزشی ناحكوومیین.

بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، بەپێی پلەكانیان مووچەی ئەو كەسانە زیاد دەبێت، كە ناونیشانیان دەبێتە مامۆستا، زیادبوونەكە تاوەكوو 100 هەزار دینار دەبێت.

بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فێركردنی بنەڕەتی، كە لە 31ی 10ی 2023 بۆ گشت پەروەردەكان نێردراوە و كۆپییەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، تیایدا داوای ناوی هەموو ئەو فەرمانبەرانە كراوە، كە دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی دووساڵەی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵان، لە بەشەكانی كۆمپیوتەر و ئینگلیزی و پەروەردەی ئیسلامی.

لای خۆیەوە جەسام موشیر، بەڕێوەبەری گشتیی فێركردنی بنەڕەتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو فەرمانبەرانەی پەروەردە، کە دەرچووی پەیمانگای پێنج ساڵیی کۆمپیوتەر و ھونەرەجوانەکان و پەروەردەی وەرزشی بوون، لە بواری ھونەر و کۆمپیوتەر و وەرزش، ناونیشانیان کراوەتە مامۆستا، ئێستاش ئەوە تاوتوێ دەکەین، دەرچووانی پەیمانگای دوو ساڵیی تەکنیکی بکرێنە مامۆستا."

ئاماژەی بەوەش دا: "هەر فەرمانبەرێکی میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەرچووی پەیمانگاکانی ھونەرەجوانەکان و پەروەردەی وەرزشی و کۆمپیوتەر پێنچ ساڵیی بن، ئەوە پێمان خۆشە بێن و مامەڵەکانیان وەردەگیرێت بۆ ئەوەی بکرێنه مامۆستا."

جەسام موشیر جەختیشی کردەوە، ئەو کەسانە مووچەیان زیاد دەبێت و پشووی هاوینیش دەوام ناکەن.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال