بە عەقڵی بچووكتانەوە سەیری هەناردەكردنی هەنار و هەنگوین مەكەن




بە عەقڵی بچووكتانەوە سەیری هەناردەكردنی هەنار و هەنگوین مەكەن

چه‌ند مایه‌ی دڵخۆشییه‌ كاتێك له‌ هه‌واڵه‌كاندا به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه ‌خۆماڵییه‌كانی كوردستان ده‌كرێ. چه‌ند خۆشتر ئه‌بوو له‌ سوپه‌رماركێته‌ جیهانییه‌كان، ئه‌و خۆراكانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی پێویست ده‌یانكڕین، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی تونسی، یان توركی، یان ئیسرائیلی، یان میوه‌یه‌كی ئیسپانی بن، ئاوهاش به‌رهه‌مگەلی كوردستان ببینین.

ده‌بێ بڵێم، خۆشبه‌ختانه‌ له‌سایه‌ی كارنامه وردەكەی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی ‌و خه‌مخۆری و ڕژدیی خودی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەسەر جێبەجێكردنی خاڵ بە خاڵی ئەو كارنامەیە، وا دەبینین ئه‌و هه‌نگاوانه‌ له‌ تەنیا قسە و نووسین و تیۆره‌وە ده‌بن به‌ پرۆژە و پراكتیك. له‌ ساڵی 2023دا سێ به‌رهه‌می سەرەكی، ئه‌وانه‌ی كه‌ كاریان له‌سه‌ر كراوه،‌ هه‌نارده‌ی ده‌رەوه‌ی هه‌رێمی كوردستان كران، یه‌كه‌م هه‌نگاو هه‌نارده‌كردنی په‌تاته‌ و پاشان هه‌نار و ئێستاش هه‌نگوین.
وه‌ك ده‌بیستین، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان لە ئایندەی نزیكدا سێوی هه‌رێمی كوردستانیش بە فراوانی بچێته‌ نێو لیستی بەرهەمە هه‌ناردنه‌كراوەكانی كوردستانەوە.

ئێمە چ وەك جووتیارێك لەنێو دۆخەكەدا بین، چ وەك هاووڵاتیەكی ئاسایی هەرێمی كوردستان لێی بڕوانین، یان وەك شارەزایانی بواری حوكمڕانی و ئیدارەدان، یاخود لە دیدی ئابووریناسانەوە سەیری بكەین، ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆی کوردستان، ڕێگە هەرە ڕاست و دروستەکەی حوكمڕانییە و خۆشبەختانە لە مەسرور بارزانی و كابینه‌ی نۆیه‌می حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەیبینین، جا ئەوانەی بە بچووکیی سەیری ئه‌م كار و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ن، یان دەیانەوێ خەڵك بە بچووكی لێی بڕوانێت، ئەوانە یان كاڵفام و نەزانن، یان جاش و خۆفرۆشن و رقیان لە كورد و كوردستانە، یان رقیان لە مەسرور بارزانی و حكوومەت و پارتییشە، یان لەو گەندەڵانەن كە حەز دەكەن، ئێمە ئاوی خواردنەوەش لە دەرەوەی وڵات بكڕین تا لێی بخۆن، هه‌ر بۆیه‌‌ گەلێ جار لە سۆشیال میدیاوە زووخاوی رق و كینەی خۆیان دەڕێژن و بە حسابی خۆیان گاڵتە بەو هەنگاوە گرنگە دەكەن.

ئەوانەی كورد و كوردستانیان خۆشدەوێ و خۆیان بە دوژمنان و داگیركەران نەفرۆشتووە، بەدڵنیاییەوە خۆشحاڵن كە دەبینن ئەو بەڵێنانەی لە کاتی باسکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم دران، لە فرەچەشنی و فرەڕەنگی لە داھاتی ھەرێمی کوردستان، وا دێنە دی.
ئەگه‌ر ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا سی ساڵ بەر لە ئێستا‌ ده‌ستیان پێ بكردایه،‌ ئێستا ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ژێرخانێكی زۆر لەمەی ئێستا تۆكمەتر ‌و به‌هێزتری دەبوو.

ئه‌زموونی به‌ڕێوەبردنی چوار ساڵی رابردووی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوه‌كانی، ئیلهامبه‌خشن‌ بۆ بنیاتنانی ژێرخانێكی پتەوی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان، كە له‌ناو جه‌نگێكی ساردی ئابووریدا بینا‌قاقایان گرتووین،‌ بەڵام ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری فره‌چه‌شنی و فره‌ڕه‌نگیی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و نەوەكانی ئایندە زۆر سوودی لێ دەبینن.

دیسان دووپاتی دەكەمەوە، هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانی كوردستان بۆ بازاڕە گەورەكانی جیهان، ڕێگه‌ هەرە راسته‌كەی حوكمڕانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌گرن، به ‌ئه‌قڵی بچووكی خۆیان سه‌یری هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌كان ده‌كه‌ن. به‌ڵێ به‌و جۆره‌یه،‌ چونكه‌ ئەگه‌ر چاوێك به‌ مێژووی هه‌موو ئه‌و وڵاتانەدا بخشێنین، كە ژێرده‌ستە بوونه،‌ له ‌ڕێگای بنیاتنانی ئابووریی بەهێز و ‌هەناردەكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ وڵاتانی دیكە، توانیویانه‌ خۆیان بناسێنن و‌ به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ك چه‌كێكی ئابووری به‌كار بهێنن.

ئێمه‌ی كوردیش له‌م بارودۆخە سەختەی ناوچەكەدا، وا هێدی هێدی به‌ هه‌نگاوی زێڕین، په‌تاته‌ و هه‌نار و هه‌نگوین و په‌له‌وه‌ره‌كان هەناردەی دەرەوە دەكەین و لەم رۆژانەشدا بینیمان گه‌وره‌ترین كارگه‌ی ئاسن له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه.‌ من بەشبەحاڵی خۆم شانازی بە كوردبوون و كوردستانیبوونی خۆمەوە دەكەم، شانازی بە خۆڕاگری و شۆڕشەكان و خەباتی نەپساوەی گەلەكەمەوە دەكەم بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، لێ شانازییەكی زۆریش به‌و مێژووەوە ‌ده‌كه‌م كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م تۆماری كردووه،‌ چونكه‌ هاتوومەتە سەر باوه‌ڕی تەواو كە ئەم كاروانەی مەسرور بارزانی بەو دیدە روونەوە كەوتووەتە رێ، بە ئەنجام و ئامانجێكی باڵامان دەگەیەنێت.

 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال