سەرچاوەیەک لە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ لیستی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆران هەرێم تەواوکرد.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت، لیژنەکە راپۆرتێکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی دوو ئامادەکردووە و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ کردنەوەی دەوامی فەرمیدا بدرێتە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بڕیاری خۆی لەسەر بدات.
بەگوتەی سەرچاوەکە، ئەگەر سبەینێ تەیف سامی هیچ تێبینییەکی لەسەر راپۆرتەکە نەبێت، ئەوا راستەوخۆ تەمویلکردنی پارەی مووچەی مانگی دوو لەلایەن بەغداوە دەستپێدەکات.
رۆژی چوارشەمەی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمیان رەوانەی بەغداد کردووە.