بنەماڵەی حەمەسوور دوشیووانی:بۆ کەمکردنەوەی سزای سەرکوڕەکەیان شکەستیان هێناوە

 

لە ناوەڕاستی مانگی 10ی ساڵی رابردوودا، كارمەندێکی سکیوریتی لە (دەروازە ستی)ی شاری سلێمانی، لەلایەن کوڕێكی حەمەسوور دووشیوانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، بە دەمانچە کوژرا. بەپێی زانیارییەکان، تەمەنی (بەیار حەمەسوور دووشیوانی) لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا 21 ساڵ بووە. دواتر كوڕەكەی حەمەسوور دووشیوانی درایە دادگا و تاوەکوو ئێستاش پڕۆسەی دادگاییکردنەكەی بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، کەسوکاری قوربانییەكەش بە هیچ شێوەیەک سکاڵایان لە دادگا نەکشاندووەتەوە. باس لەوەش دەکرێ، کە دوو هەوڵی بنەماڵەی حەمەسوور دووشیوانی بۆ سووککردنی سزای کوڕەکەیان شکستیان هێنابێت.

بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، هەوڵی بنەماڵەی حەمەسوور دووشیوانی لەوەدا شکستی هێناوە کە تەمەنی کوڕەکەیان بە كەمتر لە ١٨ ساڵ هژمار بكەن تا سزای تاوانەكەی سووكتر بێت، بەڵام ئەوەی زانراوە، ئەو كوڕە لە قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکییە کە لە هەرێمی کوردستان سیستەمی خوێندن دوای شەش ساڵی تەمەن، قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندن وەردەگیرێت، نۆ ساڵیش قۆناغی بنەڕەتی و سێ ساڵی دیکەش قۆناغی ئامادەییە، بەو پێیەی کوڕەکەی حەمەسوور دووشیوانی قۆناغی دووەمی کۆلێژ بووە، ئەوە تەمەنی لە سەرووی 20 ساڵی دەکات، بەڵام بەپێی زانیاریی پشتڕاستکراوە، تەمەنی بەیار لە کاتی تاوانەکەی ئەنجام داوە 21 ساڵ بووە، کە رەنگە ساڵێک لە خوێندن دابڕابێت، یان لە تەمەنی منداڵیدا درەنگتر چووبێتە قوتابخانە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ژمارەیەک سەرچاوەی زانیاری و میدیایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە هەوڵەکانی بنەماڵەی حەمەسوور دووشیوانی لە سوڵحی عەشایری و کشاندنەوەی سکاڵای بنەماڵەی کوژراوەکە بە ناوی هەڤاڵ محەمەد، شکستیان هێناوە.

چۆنیەتیی رووداوەکە

بەیار حەمەسوور دووشیوانی، کە باوکی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، شەوی 13/14ی10ی2021، گەنجێکی بە ناوی هەڤاڵ محەمەد، تەمەن 31 ساڵ، کە کارمەندی سکیوریتیی دەروازە ستیی شاری سلێمانی بوو، بە لێدانی فیشەک بە دەمانچە کوشت، ئەوەش دوای ئەوەی، کە بەیار حەمەسوور دووشیوانی بە ئۆتۆمبێلێک زۆر بەخێرایی بە دەروازەی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەی سلێمانیدا تێدەپەڕێت و لەلایەن ئەو کارمەندەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە بەو شێوەیە ئۆتۆمبێل لێنەخوڕێ، دوای دەمەقاڵێ و چارەسەرکردنی ئەو کێشەی دروست بووە، كەچی کوڕەکەی حەمەسوور دووشیوانی، دوای جێهێشتنی شوێنەکە و گەڕانەوە، کارمەندەکەی دەروازە ستی بە چەند فیشەکێک بە دەمانچە دەکوژێت.

ئەوکات، برایەکی هەڤاڵ محەمەد، بە ناوی هەژار، لە پرسەکەیدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "براکەم کارمەندی سکیوریتی بووە لە دەروازە سیتی و کوڕێکی حەمەسوور دووشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی ئۆتۆمبێلی لەوێ بەخێرایی لێخوڕیوە و دانیشتوانی پڕۆژەکەی بێزار کردووە، ئەویش بە خۆشیی پێی گوتووە کە ئەوێ شوێنی ئەو کارە نییە و بەڕێزەوە بەڕێیان کردووە".

گوتیشی: "دواتر کوڕەکەی حەمەسوور دووشیوانی گەڕاوەتەوە و ڕاستەوخۆ فیشەکی بە براکەمەوە ناوە و دوای 10 خولەک گیانی لەدەست

داوە و بکوژەکەش هەڵاتووە، ئێمەش سکاڵامان تۆمار کردووە و چاوەڕوانی دادگاین".

دایکی کوڕە قوربانییەکەش، بە هەموو شێوەیەک سوڵحی عەشایری و هاتنی بنەماڵەی حەمەسوور دووشیوانی بۆ پرسە و ماڵەکەیان رەت کردەوە، گوتی: ”با بە هیچ شێوەیەک نەیەنە ماڵی من و تەنانەت قەوم و قیلەکەشم“.

لای خۆشیانەوە، حەمەسوور دووشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دانی بەوە دانا کە کوڕەکەی قۆناغی دووی کۆلێژی پزیشکییە.
ئاماژەی بەوەش دا، دوای ڕووداوەکە، لەگەڵ کەسوکاری کوژراوەکە قسەیان کردووە و پێی گوتوون، کە کوڕەکەیان بە پەلبەستراوی دەباتە بەردەمیان و خۆیان ئازادن چی لێ دەکەن، بەڵام ئەو بنەماڵەیە رەتیان کردووەتەوە و داوایان کردووە رادەستی یاسا بکرێت.

لەمبارەیەوە، پارێزەر ڕزگار ڕایگەیاند: ”ئەگەر تەمەنی بکوژەکە لە 18 ساڵ کەمتر بێت، ئەوا سزای تاوانەکەی زۆر سووکترە لەوەی لەسەرووی ئەو تەمەنەوە بێت، لێرەدا ئەگەری زۆرە ماددەی 405 لەسەری جێبەجێ بکرێت کە سزاکەی سووکتر دەکات، چونکە ئەو مادەیە لە یاسای سزادانی عێراقی کە لە هەرێمی کوردستان بەرکارە، باس لە کوشتنی بەئەنقەست دەکات، ئەوا سزاکەی لە پێنج ساڵ زیندانی تا لەسێدارەدانی تیادایە، بەڵام سزای لەسێدارەدان، کە جێبەجێ ناکرێت، لەو کاتەدا دەبێت بە هەتاهەتایی، ئەگەر تەمەنی بکوژەكەش لەخوار 18 ساڵیدا بێت، ئەوا زۆر زەحمەتە دادوەر بڕیاری سزای هەتا هەتایی بۆ بدات، کەوابێت ئەو بکوژە لە تەمەنێکی گەنجیدا ئازاد دەبێت“.

سەبارەت بەو دەمانچەیەش، كە بە دەستی کوڕەکەی حەمەسوور دووشیوانی بووە، ئەو پارێزەرە ڕایگەیاند: ”ئەگەر کوڕەکە بەدزیی باوکی دەمانچەکەی بردبێت، ئەوا دوو شت هەیە، یەکەمیان، ئەگەر دەمانچەکەی باوکی مۆڵەتی حکوومیی هەبێت، هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی باوکەكەی ناگرێتەوە. دووەمیان، ئەگەر دەمانچەکە مۆڵەتی نەبێت، ئەوا مادەی 24 لە بڕگەی 3 دەیگرێتەوە، کە باس لە هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت دەکات، ئەوکات باوکی دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت“.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال