نووسراو كرا، مووچە و خەرجی و داهات ئامادە دەكرێن
چاودێریی هەرێمی کوردستان، داوا دەكات وەزارەت و فەرمانگەكان خشتەی خەرجی و داهات ساڵی رابردوودا رەوانەی چاودێریی دارایی بكەن. بەرپرسێكی حكوومەتیش دەڵێت: "زانیارییەكان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی فەراهەم دەكرێت."
بەپێی نووسراوێكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، كە لە 9ی 11ی 2023، دەرچووە بۆ هەموو وەزارەت و دامودەزگاكان نێردراوە و تیایدا داوا كراوە، كە لە ماوەی 10 رۆژدا خشتەی خەرجی و داهاتی ساڵی 2022، رەوانەی دەستەی دیوانی چاودێریی دارایی بكەن.
لە نووسراوەكە ئاماژە بەوە كراوە، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی داواكراوە، دەبێت وەزارەتەكان خشتەكان رەوانە بكەن، لە چوارچێوەی ئەو داواكارییەدا خەرجییەكانی تایبەت بە مووچەشی تێدایە، لەگەڵ تەواوی داهاتەكانیش.
بەپێی زانیارییەكان، بابەتەكە تایبەتە بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و زانیارییەكان پێشكەش بە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەكرێت.
پێشتر، دیوانی چاودێریی دارایی راپۆرتێكی وردبینی لە داهاتی نانەوتی و خەرجییەكان و میلاكاتی بۆ ساڵانی دارایی 2014 تاوەكوو 2020، ئامادە كرد و وەزارەتەكان كاری پێویستیان ئەنجام دا.
لای خۆیەوە عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، راگەیاند: "بەردەوام هەموو وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرگایان بۆ تیمەكانی دیوانی چاودێریی دارایی كراوە بووە و هەر زانیارییەكیش داوا كرابێت، بۆیان فەراهەم كراوە و پڕۆسەكەش بەردەوامە."
سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، ئاماژەی بەوەش دا: "هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ وردبینیی خۆیان كردووە و رەزامەندیی لەسەر دراوە، هەروەها پرسی وردبینیکردنی داھاتە ناوخۆییەکان و میلاکاتیش جێبەجێ كراوە".
جەختیشی كردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە گشتاندنێك، كە لە 11ی1ی2023 دەرچووە، كارئاسانیی كردووە و دەرگای كردووەتەوە بۆ تیمەكانی چاودێری و لێژنەی تایبەت بۆ وردبینی لە داهات و خەرجی و میلاكات.
پێشتر سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندبوو: "ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كارئاسانیی زۆری كردووە بۆ تیمەكانی چاودێریمان، هەروەها هاوكاریی زۆری پێشكەش بە تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی كرد، بۆ وردبینی لە داهات و خەرجییەكان."
ساڵی رابردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ وردبینییان لە چەند ئەژمێرەیەکی سەرەکیی هەرێمی کوردستاندا كرد، بەتایبەت داهاتە نانەوتییەکان و میلاکات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان و بە ڕاپۆرتێكی هاوبەشی هەر دوو دیوان رەزامەندییان لەسەر درا.