لیوا موسا گەردی، بەرپرسی میحوەری ھێزی پێشمەرگە لە باشیک و بەشداربووی شەڕی داستانی خواکوڕک دەڵێت، داستانی خواکوڕک سەرکەوتنێکی گەورە بوو، سەرۆک بارزانی لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە خۆی سەرپەرشتی داستانەکەی دەکرد، ڕۆژانە لە بەرەکانی شەڕبوو، چونکە ھێزە بەشداربووەکان ھەموو سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.
لیوا موسا گەردی، بەرپرسی میحوەری ھێزی پێشمەرگە لە باشیک و بەشداربووی شەڕی داستانی خواکوڕک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: داستانی خواکوڕک داستانێکی مێژوویی بوو، لەکاتێک دەستی پێکرد میللەتی کورد بێ ئومێدییەکی زۆری پێوە دیاربوو، ئێمە ئاوارەبووین و سەرۆک بارزانیش لە ئیران بوو، دوای شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئیران، وا بیردەکرایەوە میللەتی ئێمە خۆی ڕادەستی ڕژێمی ئیران دەکات، بەڵام بە ھاوکاری و سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی داستانی خواکوڕک دەستی پێکرد و سەرکەوتنێکی گەورەش تۆمارکرا، ھەم لەڕووی سیاسی هەم لەڕووی سەربازییش ورەیەکی باشی بۆ خەڵک و پێشمەرگە؛ ئەوانەی لە ساڵی ١٩٧٥ و ساڵی ١٩٧٦ و ساڵی ١٩٧٨چوونە ئیران دروستکرد، بۆیە بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی لە خواکوڕک شەڕێکی باش کرا.
لیواموسا گەردی گوتیشی: سەبارەت بەوانەی لە داستانی خواکوڕک بەشداریان کردووە، یەکەم ھێز کە بەشداری لە داستانی خواکوڕک کرد ئەو ڕێکخراوانە بوون سەر بە مەکتەبی سیاسی و بارەگای بارزانی بوون، ھێزی بارزانیش بەشداربوو و داستانەکە دەستی پێکرد و مانگێکی زیاتر خایاند، دواتریش لقی سێ و چواریش بەشداربوون، سەرەتا ڕێکخراوی گۆڕەز و ڕێکخراوی سورداش بەشدارییان کرد، دواتریش سوپای بارزان و لقی سێ و چوار بەشدار بوون.
گەردی باسی لەوەش کرد: سەبارەت بە داڕشتنی پلانی شەڕی داستانی خواکوڕک، سەرۆک بارزانی ڕۆژانە لە بەرەکانی شەڕ ئامادەبوو، ڕێکخراوی ئێمەش تووشی کیمیاباران بووبووین بۆیە دوو شەو چووینە ماڵەوە، دواتر گەڕاینەوە بۆ شەڕ.
ئەو داستانە دەستکەوتی زۆری ھەبوو، دەستمان بەسەر چەکی زۆر داگرت.
لەڕووی سیاسییش کاریگەری دروستکرد و دۆخەکە گۆڕا، ڕژێمی عێراق دەیویست ئیران هاوکاری بکات و سنوورەکان بگرێتەوە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بەتەنیا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی توانی بەرەنگاریان ببێتەوە و سەرکەوتنیش تۆمار بکات، خەڵکیش دانی بەوە دانا پارتی ھێزێکە ھەمیشە ڕووبەڕووی دوژمن دەبێتەوە، لەو شەڕە برایەکم بەناوی عوزێر بەسەختی برینداربوو، منیش هەم بە چەکی کیمیاوی برینداربووم هەم لە شەڕەکەش بە سووکی بە فیشەک برینداربووم، ئەو کات من پێشمەرگە بووم و لە ڕێکخراوی گۆڕەز بەرپرسی جموجۆڵ بووم، لەو شەڕە سوپای بارزان ڕۆڵێکی گەورەیان بینی و ڕێگەیان نەدا یەک خێزانیش بکەوێتە دەست دوژمن و بەرگری باشیان لە خەڵک کرد.
داستانی خواکوڕک لە ١٩/٧/١٩٨٨ بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و ھێزی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێکرد و زیاتر لە مانگێکی خایاند، داستانەکەش بە سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگە کۆتایی هات.